زۆر خواردنی شەكر پێوەندی بە قۆڵۆنەوە چییە؟

:: PM:09:51:29/05/2023 ‌

زۆر كەس بەدەست كێشەی قۆڵۆنەوە دەناڵێنن، توێژینەوەیەكی نوێ باسی بوونی پێوەندی لە نێوان بڕی ئەو شەكرەی رۆژانە مرۆڤ دەیخوات و تەندروستی ریخۆڵەكان و قۆڵۆن دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە زۆر خواردنی شیرینی مەترسی بۆ سەر تەندروستی قۆڵۆن هەیە.

توێژینەوەكە دەڵێت، خواردنی بڕی زیاتری شەكر دەبێتە هۆی پەكخستنی ئەو خانانەی پارێزگاری لە تەندروستی قۆڵۆن دەكەن و هەوكردنی ریخۆڵەكان دروست دەكەن، تیمۆسی هاند، مامۆستای بەرگریزانی لە زانكۆی بیتسبرگی پزیشكی ئەمەریكی دەڵێت، نەخۆشی هەوكردنی ریخۆڵەكان لە سەرانسەری دنیا رووی لە زیادی كردووە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی شێوازی خۆراكیان پیشەسازی و ئامادەكراو و بە شەكر دەوڵەمەندە.

روونی كردەوە، زۆر خواردنی شەكر لەبەر چەند هۆكارێك باش نییە، كە توێژینەوەكە بەڵگەی زیاتر لەو بارەوە دەخاتە روو، ئەویش ئەوەیە شەكری زۆر زیانی بۆ ریخۆڵە و قۆڵۆن هەیە، كاتێك توێژەران هەستان بە پێدانی شەكرێكی زۆر بە كۆمەڵە مشكێكی تاقیگە و كۆمەڵەكەی تر خۆراكی ئاساییان پێ درا، هەردوو كۆمەڵەكە درانە بەر مادەیەكی كیمیایی زیانبەخش بۆ قۆڵۆن.

روونی كردەوە، دەركەوت كە ئەو كۆمەڵەی شەكری زۆریان پێ دراوە، لە ماوەی نۆ رۆژدا هەموویان مردن، هەرچی كۆمەڵەكەی ترە تا كۆتایی ماوەی تاقیكردنەوەكە كە 14 رۆژە ژیان، سەبارەت بە هۆكاری ئەوەی رووی دا، ئەو مامۆستایە گوتی، لە حاڵەتی ئاساییدا چینێك خانە ناوپۆشی قۆڵۆن دەكەن و پارێزگاری لە تەندروستییەكەی دەكەن، ماوە ماوە نوێ دەبنەوە، لە كۆمەڵەی یەكەمی مشكەكان ئەو چینە خانەیە لەناو چوو، بۆیە قۆڵۆنیان پڕ بوو لە خوێن و بەرگرییە خانەكان.

لێرە دەردەكەوێت كە شەكر كاریگەری راستەوخۆی لەسەر قۆڵۆن هەیە و رێگری لە دابەشبوونی قەدە خانەكان دەكات كە پارێزگاری لێ دەكەن، بۆیە بە بوونی شەكر قەدە خانەكان زۆر هێواشتر دابەش دەبن و زۆر دەبن، بەشێوەیەك زیان بە قۆڵۆن بگات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل