كتێبی "56 ساڵ خیانەت" چاپ كرا

:: PM:07:15:30/05/2023 ‌

كتێبی "56 ساڵ خیانەت لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، لە نووسینی "حامید گەوهەری"، لە دوو توێی 300 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە حامید گەوهەری نووسەر بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە بە بەڵگەوە باس لە خیانەت و ناپاكیی ئیبراهیم ئەحمەد دەكات، كە هەر لە ساتی جیابوونەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئیتر رەگی  خیانەتی ناشت و تا ئێستەش بەردەوامە گەیشتووە بە نەوەكانی.

زیاتر گوتی، كتێبەكە چەند بەشێك لەخۆ دەگرێت و بە وردی باس لەو خیانەتانە دەكات كە ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد ئەنجامی داون، هەر لە مێژووی دروستبوونیانەوە دژ بە كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان، تا ئەم دواییانە.

گەوهەری روونی كردەوە، لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، سەتان و هەزاران خیانەتیان تۆمار كردووە و لە وەها كتێبێكدا ناتوانرێت باس و گوزارشتی لێ بكرێت، بەڵام من هەوڵم داوە ئەو ناپاكی و خیانەتە گەورە و زەقانە بخەمە بەر باس و بە بەڵگەوە بیسەلمێنم، تا كۆتا خیانەت كە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017یە.

"هەر كوردێك كە بیەوێ لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان و خیانەتی ئەم ماڵباتە و یەكێتی شارەزا بێت و تێبگات، پێویستە ئەم كتێبە بخوێنێتەوە، پاشان دەگاتە قەناعەت و راستی رووداوەكان، كتێبێ "56 ساڵە خیانەت لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، لە دوو توێی 300 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كراوەتەوە، ئێستە بە شێوەی  pdf یش بۆ خوێنەران بەردەستە"، حامید گەوهەری وا دەڵێت.

حامید گەوهەری نووسەر و لێكۆڵەر، لە ساڵی 1944 لە مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە و  حەوت ساڵ پێشمەرگە بووە، ئێستە دانیشتووی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی 49 بەرهەمی چاپكراوی ترە لە بوارەكانی مێژوویی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیدا.

وشە/ ئاسان محەمەد





وشە - تایبه‌ت