وەزیری دەرەوەەی سووریا: بەنەهێشتنی تیرۆر سەروەریی عێراق و سووریا دەپارێزین

:: PM:01:41:04/06/2023 ‌
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هاوتاكەی لە عێراق كۆ بووەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندووە، هەردوو وڵات بە هاوئاهەنگی و بە لەناوبردنی تیرۆر، سەروەریی خۆمان دەپارێزین.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم چواری حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا فەیسەڵ میقداد، لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رای گەیاند، لەگەڵ عێراقدا كار دەكەین كە سەروەریی خۆمان بپارێزین و یەك لە ئەركەكانیشمان لەناوبردنی تیرۆرە.

میقداد زیاتر گوتوویەتی، ئێمە بڕوای تەواومان بە هاوئاهەنگیی سیاسی و سەربازی و ئابووری لەگەڵ عێراقدا هەیە، كار بۆ ئەوە دەكەین كە بۆچوونە جیاوازەكان وەلا بخەین و رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، بەتایبەتی لە باكوری رۆژئاوای سووریا و پارێزگای ئیدلب، كە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش مۆڵگەیان لەو ناوچانەدا هەیە، بێگومان جیا لە داعش، بەرەی نەسرە و رێكخراوی تریش لە لە باكور و رۆژهەڵاتی وڵاتەكەدا هەن.

دواتریش دووپاتی كردەوە، دەمانەوێ كێشەكانمان چارەسەر بكەین و رێزی زیاتریش لە یەكتر بگرین، سەروەریی هەردوو وڵاتی برا بپارێزین، بێگومان ئەوانەی دەیانەوێ ئازار بە سووریا بگەیەنن، هەمان ئەوانەیشن هەمان مەبەستیان بۆ عێراقیش هەیە. واتە كاردانەوەی كێشەكان بۆ هەردوولا وەك یەكترن و دەبێ پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنیان بكەین.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د