دوو ناوچەی نوێی پیشەسازی دروست دەکرێن

:: PM:08:53:04/06/2023 ‌

بڕیار دراوە دوو ناوچەی نوێی پیشەسازی لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست بکرێن کە هەر ناوچەیەک چەندان کارگەی لێ دروست دەکرێت، ئەمەیش بەمەبەستی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی دەڤەرەکە و زەویشی بۆ تەرخان کراوە.

کوردۆ ئێحسان بەرێوبەری وەبەرهێنانی دهۆک، بۆ "وشە" گوتی، بڕیار دراوە دوو ناوچەی نوێی پیشەسازی لە سنووری دهۆک لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست بکرێن، ئێستە شوێنمان بۆ دیاری کردووە و کاری تێدا دەکەین، ناوچەکە چەندان کارگەی لێ دروست دەکرێت و بە سەتان هەلی کاریش دەرەخسێنێت.

''مەبەست لە دروستکردنی ئەم کارگانەیش بریتییە لە ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان، ناوچەی گەورەیە و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کاری لەسەر دەکەین لەسەر شێوازی دروستکردنەکە بە چ شێوازێک بێت'' کوردۆ وای گوت.

لە درێژەی قسەکانی دا گوتی، چاوەرێی ئەوە دەکەین کە حکوومەت خۆی خزمەتگوزاریەکانی ئەو دوو ناوچە پیشەسازییە دابین بکات وەکو ''ئاو و کارەبا و پێداویستی تر'' یا وەبەرهێنەر ئەو کارە بکات.

ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی گرنگی دانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە کەرتی پیشەسازی و بڕیارە لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ناوچەی پیشەسازی دروست بکرێن.

دهۆک/ بڵند ئیبراهیم


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان