''سوڵحی عەشایەری سەری هاووڵاتییانی خواردووە و ئیتر دەبێت یاسا سەروەر بێت''

:: PM:10:23:04/06/2023 ‌

سه‌روه‌رى یاسا و دادگاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌ جێگه‌ى باس و خواستى هاووڵاتییان و شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى پێش بكه‌وێت ده‌بێت دادگا خاوه‌ن بڕیاربێت و ده‌ستوه‌ردان نه‌كرێت له‌ بڕیاره‌كانى دادگا و به‌هۆیه‌وه‌ ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه‌ و چیتر كۆتایی به‌و سه‌رده‌مه‌بێت كه‌ سوڵحى عه‌شایه‌رى ده‌كرا و حزب و به‌رپرسى گه‌وره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ى یاسابن و هه‌رچییان بوبێت به‌ ئاره‌زوى خۆیان بیكه‌ن و كۆمه‌ڵگا تێكبده‌ن.

ئازاد ئه‌كره‌م سه‌رۆكى فراكسیۆنى میله‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، له‌ وڵاتى یاسا ماف بۆ خاوه‌ن مافه‌ به‌ڕێگه‌ى یاسا وه‌رده‌گیرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یاسا نه‌بێت كۆمه‌ڵێك ده‌بنه‌ زاڵم و سته‌مكار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێكى تره‌وه‌، شیرازه‌ى كۆمه‌ڵگا ده‌پچڕێت و كه‌س له‌ ژیان و سه‌رو ماڵى خۆى پارێزراو نابێت، یاسا سه‌قامگیرى به‌دواى خۆى ده‌هێنێت و كۆتایی به‌و زۆردارییه‌ ده‌هێنێت، یاسا سزاى بۆ سه‌رپێچیكاران و هه‌ر كه‌سێك داناوه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ناسه‌قامگیرى ببات.

ئاماژەی بەوەیش کرد، نابێت هیچ كه‌س له‌سه‌روى یاسا بێت، له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى وشیار نابێت حزب و سوڵحى عه‌شایه‌رى جێگاى یاسا بگرنه‌وه‌، یاسا جیاوازى ناكات له‌نێوان ئه‌مه‌ فڵان و ئه‌وه‌ فڵانه‌، ده‌بێت هه‌مووان له‌به‌رده‌م یاسا سه‌ریان له‌ موو باریكتربێت، كاتێك بابه‌ته‌ عه‌شایریه‌كه‌ و حزب و كه‌سانى باڵا ده‌ست له‌برى یاسا كاریان كرد، ئه‌وه‌كات یاسا سه‌روه‌رنابێت و خه‌ڵك له‌خۆى دڵنیا نییه‌.

هێمن حسێن شاره‌زاى یاسا به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، دادگا ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربه‌خۆى هه‌ر وڵاتێكه‌، ئیشوكاره‌كانى و بڕیاره‌كانى به‌پێى ماده‌ و كه‌یس و دۆسیه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر دادگا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت و یاسا به‌رقه‌رانه‌بێت شتێك نامێنێته‌وه‌ بۆ سه‌قامگیرى و ئارامى، ئه‌گه‌ر دادگا ده‌ستوه‌ردانى تیابكرێت، خاوه‌ن بڕیار نه‌بێت، كه‌واته‌ نه‌بوونى باشتره‌، چونكه‌ هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت و ناتوانێت ئه‌وه‌ بكات كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتییه‌، دادگا كه‌ سه‌روه‌ربوو خاوه‌ن بڕیاربوو، خه‌ڵكیش پاشه‌كشه‌ له‌ كارى خراپ ده‌كات، دادگا كه‌ سزاى كه‌سى تاوانباریدا تاوان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردان كرا و كۆمه‌ڵگایه‌كى خراپ دروست ده‌بێت و كاریگه‌ریشى له‌سه‌ر شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت.

کاوە ئەحمەد چاودێری سیاسی بۆ ''وشە'' گوتی، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوومان هەبێ بەتایبەتی رایەڵەی کۆمەڵایەتی تێیدا پارێزراوبێت و ژیان تیایداو خەڵک ئارام و سەقامگیری تێدابێت  شیرازە و سەروماڵی خەڵک پارێزراوبن پێویستە یاسا ئەو وێستگەیەبێت هەموو شێوازە ئازادیەکانی خۆی تێداببینێ، ئازاد خەڵک کۆتایی دێت کە ئازادی بەرانبەر پێشێل بکات، کوردستان لە قۆناغی پێشکەوتن و بەهێزیدایە، ناکرێت چیتر بەهەمان شێوەی رابردوو بیربکەینەوەو بریار بدەین و یاسا دەستوەردانی بۆ بکرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، پێویستە خەڵک رێز لە یاساکان بگیرێن، کولتووری رابردوو بۆ سەردەمی خۆی باشبوو، کە ژیانی گوندنشین زاڵبوو پێچەوانەی شارنشین، کێشەکان بە پیاو ماقوڵ و ریش سپی چارەسەر دەکران، بەڵام ئێستە قۆناغی تر هاتووەتە پێشەوە، پێویستە هەمووان لە چوارچێوەی یاساورێساکان هەنگاوەکان بنێن، هەموو تاکێک بەرانبەر بە یاسا وشیار بکرێتەوە، ئێمە لە کوردستان خاوەنی یاسا و دادگا و دەسەڵاتی سەربەخۆیی دادگاکانین، ئەوان بڕیار لە بارەی بابەت و کەیسەکان دەدەن، لە بەرانبەر یاسا نابێت کەس باڵا دەست بێت، یاسا کۆتایی بە هەموو باڵادەستییەکانی تر دەهێنێت و کۆتایی بە زۆرداری و زوڵم و ستەم دەهێنێت.

''لە کوردستان نابێت کەس لە سەروی یاسا بێت، تەنانەت نابێت حزب دەستوەردان بۆ بابەتە یاساییەکان بکات، بگرە بەرپرس و کەسی حزبیش نابێت لە سەروی یاساوەبێت و کۆتایی بە سوڵحی عەشایەری بێت تا یاسا سەروەربێت و ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە، کێ زوڵمی لێکرا دادگا هەقی بسێنێت و سزای ئەوانەش بدات کە هەر کارێکی تێکدەری و خراپ بکەن و ببنە هۆکاری تێکچوونی کۆمەڵگاو دەستیان بە خوێنی کەسانی تر سوربێت و بیانەوێت وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچن''.

وشه‌/ تایبه‌ت


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان