بڕیاره سبه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، دوا كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌باره‌ی بودجه بكات و ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكات، به‌ڵام هێشتا رێككه‌وتنی كۆتایی له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه. ئه‌ندامێكیش رای ده‌گه‌یه‌نێت، نزیكبوونه‌وه‌ی باش هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه پرسه‌كه به‌زۆرینه تێناپه‌ڕێنرێت.
گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه له نێوان لایه‌نه شیعه‌كان و كورد له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه به‌رده‌وامه، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، سبه‌ی لیژنه‌ی دارایی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ده‌كات بۆ بڕیاردان له‌باره‌ی ئه‌و ده‌ستكارییانه‌ی له ماده 13 و 14 كراوه كه تایبه‌ته به پشكی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ئه‌مڕۆ دووشه‌م پێنجی حوه‌زیران، سێ سه‌رچاوه له په‌رله‌مانی عێراق بۆ "وشه" روونیان كرده‌وه، به‌بێ رێككه‌وتن و خواستی هه‌موو لایه‌ك، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023-2025 په‌سند ناكرێ.
ئێسته چه‌ند بڕگه‌یه‌ك كێشه‌یان له‌سه‌ر ماوه و رێككه‌وتنیان له‌باره‌وه نه‌كراوه، به‌شێكی بڕگه‌كان رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بڕیارێك بدات.
هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دانیشتنی خۆی له‌باره‌ی ده‌نگدان به‌پڕۆژه‌یاسای بودجه بكات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مان، داوا له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات ئه‌م هه‌فته‌یه كۆبوونه‌وه بۆ ئه‌وه پرسه بكرێت، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه نییه.
بۆیه سیپان شێروانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌گه‌رێكی كه‌م هه‌یه له‌م هه‌فته‌یه بكرێت، به‌ڵام به‌بێ رێككه‌وتن كۆبوونه‌وه ناكرێت، بۆیه ده‌ڵێت "ناكرێت ئێمه ده‌نگ به پڕۆژه‌یاساكانی ئه‌وان بده‌ین كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه، به‌ڵام ئه‌وان به‌زۆرینه ئه‌و پرسانه‌ی پێوه‌ندییه به كوردستانه‌وه هه‌یه تێپه‌ڕێنن".
هۆكاری دواكه‌وتنی ده‌نگدان به پڕۆژه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌ناو لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان، چه‌ند بڕگه‌یه‌كیان بۆ ماده‌ی 13 و 14 كه تایبه‌ته پشكی كوردستان زیاد كرد، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه، له‌وباره‌یه‌وه خدر مه‌نتك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ"وشه" ده‌ڵێت، "به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه، نزیكبوونه‌وه‌ی باش و گرنگ له نێوان لایه‌ن شیعه‌كان و هه‌رێم هه‌یه". ئه‌وه‌یش ناشارێته‌وه كه رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر پرسه‌كه نه‌كراوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان كه ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، ئێسته چه‌ند بڕگه‌یه‌ك كێشه‌یان له‌سه‌ر ماوه و رێككه‌وتنیان له‌باره‌وه نه‌كراوه، به‌شێكی بڕگه‌كان رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بڕیارێك بدات.
ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كراون چین؟
لیژنه‌ی دارایی گۆڕانكاریی له ماده‌ی 13دا كردووه، ده‌سه‌ڵاتی داهات و خه‌رجی، هه‌نارده، فرۆشتن و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان، له ده‌ست هه‌رێمی كوردستاندا نامێنێت، به‌غدایش پابه‌ند ده‌كات به ناردنی شایسته داراییه‌كانی كوردستان.
هه‌روه‌ها به‌پێی گۆڕانكاریی ماده‌ی 14، وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵات ده‌داته سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ خه‌رجكردنی داهاتی نه‌وت، ئه‌گه‌ر كێشه دروست بوو، ده‌بێ له ماوه‌ی 15 رۆژدا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر نا شایسته داراییه‌كان كوردستان راده‌گیرێ.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كات به خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی مووچه‌خۆران و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر پارێزگاكان، ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه بوو، شایسته داراییه‌كانی راده‌گیرێت، خۆی مووچه‌ی ئه‌و پارێزگایانه ده‌بڕێت و خۆی ده‌یدات.
ده‌قه‌كه ئه‌سڵه‌كه‌ی ماده‌ی 13 و 14 له بودجه خۆی به‌و شێوه‌یه بوو:
ماده‌ی 13 له /بڕگه‌ی یه‌كه‌م/ تایبه‌ته به یه‌كلابوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شایسته داراییانه‌ی هه‌رێم و ناوه‌ند له 2004 تا 2022 هه‌ن.
له بڕگه‌ی دووه‌م له /خاڵی یه‌كه‌م/دا هاتووه، هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێ به هه‌نارده‌كردنی 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و هاوئاهه‌نگی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم و ناوه‌ند، په‌سند ده‌كرێن و له تۆماره‌كانی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ك كۆتا داهات هه‌ژمار ده‌كرێن.
له /خاڵی دووه‌م/ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو داهاته نانه‌وتییه‌كانی راده‌ستی حكوومه‌تی ناوه‌ند ده‌كات به‌پێی یاسای كارگێری دارایی، دیوانی چاودێریی عێراق به هاوئاهه‌نگی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم، وردبینی له داهات ده‌كه‌ن.
له/خاڵی سێیه‌م/دا حكوومه‌تی ناوه‌ند پابه‌ند ده‌بێ به ناردنی مانگانه‌ی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم.
ماده‌ی 14 تایبه‌ته به كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی داهاتی فرۆشی نه‌وتی كوردستان/به‌رهه‌مه‌كانیان به‌بێ لێبڕین، ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی داهاته‌كه‌ی ته‌نیا له ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه، به‌غدا مافی وردبینیكردن له هه‌ژماره بانكییه‌كه هه‌یه.
قه‌باره‌ی بودجه 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هه‌زاره، پشكی هه‌رێمی كوردستان به 12.67% دیاری كراوه، ئه‌گه‌ر شایسته داراییه‌كان به‌ته‌واوی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناره، مانگانه یه‌ك ترلیۆن و 257 ملیار دیناره.