داوا له‌ عێراق ده‌كرێ چاره‌نووسی 643 كه‌سی رفێنراو به‌ده‌ستی حه‌شد ئاشكرا بكات

:: PM:03:30:06/06/2023 ‌
رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی 643 كه‌سی رفێنراو به‌ ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی ئاشكرا بكات. ئه‌و رفێنراوانه‌ له‌ ساڵی 2016وه‌ له‌ڕێی میلیشیاكانه‌وه‌ رفێنراون و چاره‌نووسیان تا ئێسته‌ دیار نییه‌.

پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ سێشه‌م شه‌شی حوزه‌یران، راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق كراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چاره‌نووسی ئه‌و 643 كه‌سه‌ بكات كه‌ له‌ ساڵی 2016 له‌ شارۆكه‌ی فه‌لووجه‌، له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ رفێنرابوون، وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر حكوومه‌تی عێراق بڕیاری لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ دابوو، به‌ڵام ئه‌نجامی نییه‌.

له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2016 كه‌ رێكخراوی داعش شارۆكه‌ی فه‌لووجه‌ی داگیر كردبوو، له‌ ئۆپراسیۆنێكدا سوپا و حه‌شدی شه‌عدی هێرشیان كرده‌ سه‌ر شارۆكه‌كه‌ بۆ رزگاركردنی، له‌ ئه‌نجامدا 643 كه‌س له‌ هاووڵاتییانی شارۆكه‌كه‌یان گرتووه‌ و تا ئێسته‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ بزره‌، ئێسته‌یش كه‌سوكاری ئه‌و رفێنراوانه‌ به‌دوای پرسه‌كه‌وه‌ن و داوای ئاشكرابوونی چاره‌نووسیان ده‌كه‌ن.

ئایه‌ مه‌جدووب كه‌ یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌رێمیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقایه‌ گوتوویه‌تی، حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ تێپه‌ڕیوه‌ و تا ئێسته‌ چاره‌نووسی رفێنراوه‌كان به‌ ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی بزره‌ و دیار نییه‌، كاتی خۆی كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، بڕیاری دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ دا، به‌ڵام كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ئه‌نجامی نه‌بوو.

ئه‌وه‌شی گوت كه‌ ئه‌وانه‌ی رفێنراون، ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆیان شوێنبزر كراون، به‌ڵكو كێشه‌كه‌یان زیاتر بۆ كه‌سوكاره‌كانیانه‌ كه‌ تا ئێسته‌ نازانن چاره‌نووسیان به‌كوێ گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ رژدتر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكات و وه‌ڵامی بۆ كه‌سوكاری رفێنراوان هه‌بێت.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د