بڕیارى بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەرچوو

:: PM:02:24:08/06/2023 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری بە هەمیشەییكردنی كارمەندانی كۆمسیۆنی عێراقی دەرکرد و بڕیارەکە ئەو كارمەندانەش دەگرێتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندان.

كێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای پێنج ساڵ چاوەڕوانی كۆتایی هات، بڕیار دەرچوو سەرجەمیان بكرێن بە هەمیشەیی، ئەو بڕیارە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش لە كۆمسیۆنی عێراق دەگرێتەوە.

موسە‌نا ئە‌مین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، كارمە‌ندانی گرێبە‌ستە‌ كاتییە‌كانی كۆمیسۆن دە‌كرێنە‌ هە‌میشە‌یی، ئەمەیش دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو دامەزراندنی زیاتر بكرێتەوە.

نزیكەی 300 فەرمانبەری هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەمنزیكانە دوای پەسندكردنی بودجە، كارەكانی دەست پێ‌ دەكات.
 باسی لەوەش كرد، زیاتر لە سێ‌ هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی، كۆتایی بەو كێشەیە دێت كە چەندان ساڵە بەرۆكی فەرمانبەرانی گرتووە و كێشە لە دوای كێشەیان بۆ دروست بووە.

هاوكات سەرچاوەیەك لە لقی كوردستانی كۆمسیۆنی عێراق، بە "وشە"ـی رای گەیاند، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، بڕیار دەرچوو بۆ بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.

باسی لەوەش كرد، بە هەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە، نزیكەی 300 فەرمانبەری هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەمنزیكانە دوای پەسندكردنی بودجە، كارەكانی دەست پێ‌ دەكات.

كێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كۆمسیۆنی عێراق بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە، چەندان جار بڕیاری بایكۆتیان دا كە پێشتر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەڵێنی بە هەمیشەییكردنیان پێ درابوو.



وشە - رامیار جەواد