ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی چاوه‌ڕوانی سه‌رووی خۆیان بۆ دوا كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن

:: PM:03:10:08/06/2023 ‌
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی، هێشتا كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ئاماژه‌ی سه‌رووی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌ سه‌عات هه‌شتی ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی گه‌شبین نییه‌ له‌ كاتی خۆی به‌ڕێوه‌ بچێ.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هه‌شتی حوزه‌یران، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ی دارایی چاوه‌ڕوانی ئاماژه‌ی سه‌رووی خۆیانن، بۆ ئه‌وه‌ی دوا كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023-2025ی عێراق بكه‌ن، به‌ڵام نه‌رمین مه‌عرووف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ "وشه‌" ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌، نازانێ جارێكی تر كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا ده‌خرێت یان نا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان تا ئێسته‌ كۆبوونه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ تا ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌كه‌ بده‌ن.

قه‌باره‌ی بودجه‌ 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هه‌زاره‌، پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ 12.67% دیاری كراوه‌، ئه‌گه‌ر شایسته‌ داراییه‌كان به‌ته‌واوی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناره‌، مانگانه‌ یه‌ك ترلیۆن و 257 ملیار دیناره‌.

بڕیاره‌ سه‌عات هه‌شتی شه‌وی ئه‌مڕۆ، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌پێی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ بدات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌وه‌ ئاماژانه‌ی هه‌ن، پێده‌چێ جارێكی تر كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوابخرێ.

گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌كان تایبه‌ت به‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا "وشه‌" چه‌ند فراكسیۆنێكی جیاوازی دواندووه‌ له‌ به‌غدا، ئه‌وان دووپات له‌ "رێككه‌وتن" ده‌كه‌نه‌وه‌.

قه‌باره‌ی بودجه‌ 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هه‌زاره‌، پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ 12.67% دیاری كراوه‌، ئه‌گه‌ر شایسته‌ داراییه‌كان به‌ته‌واوی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناره‌، مانگانه‌ یه‌ك ترلیۆن و 257 ملیار دیناره‌.


وشە - زریان تەها