دوایین زانیاری لەبارەی پەسندكردنی بودجەی عێراقەوە

:: PM:05:20:09/06/2023 ‌

هێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانە، شەوی رابردوو دەنگ لەسەر شەش مادەی بێ كێشەی درا و ژمارەیەكیشی بۆ ئەمرۆ هەینی دوا خرا، بڕیار بوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە، بەڵام بۆ ئێوارە دوا خراوە و لە بری ئەوە چەند كۆبوونەوەیەكی تر هەن كە ئەگەر بە رێككەوتن بكەن، ئەگەری هەیە دانیشتن ساز بكرێت و دەنگ لەسەر مادەی تری بودجە بدرێت.

وەك دوایین زانیاری ئەمڕۆ دوو كۆبوونەوە كراوەن، یەكێكیان لە نێوان هادی عامری و فوئاد حوسێن و ڤیان سەبری و خالید شوانی و هەرێم كەمال ئاغا و محەمەد حەلبووسی و شاخەوان عەبدوڵا، بۆ باسكردنی ناكۆكییەكانی پێوەندیدار بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی هەردوو مادەی 13 و 14، بە مەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەر لە سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان.

ئەوەی تر لە نێوان موحسین مەندەلاوی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەی دارایی، ئەویش بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی تر، لەو ناوەدا سەرچاوەیەك باسی ئەوە دەكات سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە فراكسیۆنەكانی راگەیاندووە كە كێشەكانیان لەبارەی بودجە چارەسەر بكەن، ئەگەر نەتوانن ئەوە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە ناكرێت. 

سەرچاوەكان لەناو پەرلەمانی عێراق باسی ئەوە دەكەن كە تا ئێستە رێككەوتن لەسەر سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان نەكراوە بۆ بەردەوامبوونی دەنگدان لەسەر مادەكانی بودجە، كە دوێنێ دەنگ لەسەر شەش مادەی درا، سازكردنی دانیشتنەكەش دەوەستێتە سەر ئەنجامی دوو كۆبوونەوەكەی باس كران، سەرچاوەیەكی تر باسی ئەوەی كرد كە ئەگەر ئەمڕۆ هەینی دانیشتنێكی تر بشكرێت، تەنیا دەتوانرێت دەنگ لەسەر ژمارەیەك مادەی تر بدرێت، ئەوانیتر بۆ سبەی شەموو دوا دەخرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل