لە هەشت ساڵدا دەیان ملیار دۆلار رەوانەی سلێمانی كراوە.. یەكێتی چی لەو پارەیە كردووە؟

:: PM:05:52:09/06/2023 ‌

ئێستە لە بەغدا بودجەی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت، یەكێتی دەیەوێ بە جیاكردنەوەی سلێمانی لە پڕۆژەكە قەوارەی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە و پێگەی هەرێم لاواز بكات، سەرۆكی پێشووی جڤاتی گشتی گۆڕان لەو بارەوە دەڵێت، جیاكردنەوەی سلێمانی كۆتاییهێنانە بە قەوارەی هەرێم بە دەستی ناوخۆییەوە، پەرلەمانتارێكیش دووپاتی كردەوە، لە ماوەی هەشت ساڵدا دەیان ملیار دۆلار بۆ سلێمانی رۆیشتووە، ئاخۆ یەكێتی كە دەسەڵاتداری سنوورەكەیە چی لەو پارە كردووە؟

شوان كەریم زاری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە تا ساڵی 2013، ئەو كاتەی بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی بڕی، واتە لەو هەشت ساڵەدا ئەوەی بەغدا و حكوومەتی هەرێم بە سلێمانییان داوە و دەیان ملیار دۆلارە، بەڵام كوا بە چی خەرج كرا و كرا بە چی، كوا سوودی بۆ خەڵك و پارێزگاكە و كوا خزمەتكردنەكە، كوا پڕۆژە و خزمەتكردن؟، یەكێتی ئەگەر لە حكوومەت ناڕازییە ئەی خۆ هەر خۆی دەسەڵاتداری پارێزگاكەیە، بۆیە كوا ئەو پارەی بۆی رەوانە كراوە لەو ماوەیەدا؟

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم باشترین خزمەتی بە سلێمانی كردووە، بە شایەتی وەزیرەكان، كە خۆیان لە ساڵیادی كابینەی نۆ باسیان كردووە، سەرۆكی حكوومەت هەمیشە لە خەمی خزمەتكردنی سلێمانیدا بووە، هەر ئەوەندە بەسە بە چەندان سەرۆكی حكوومەت كە هی یەكێتی بوون، شەقامی 100 مەتری بوو بووە گرێ كوێرە و خەونی سلێمانی، بەڵام نەیانتوانی بیكەن، هەرچەندە چەند جارێك بەردی بناغەی دانرا، بەڵام سەرۆكی حكوومەت لە كابینەی نۆ ئەوەی كرد بە راستی و پێشكەشی خەڵكی سلێمانی كرد، جیا لەوە دەیان پڕۆژەی تر كە تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆدا كراون، بۆیە سەرۆكی حكوومەت لە یەكێتی زیاتر لە خەمی سلێمانی و خەڵكەكەی بووە.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان دووپاتی كردەوە، یەكێتی هەر ئەوەی وەیستووە قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكات و كاریشی بۆ كردووە، ئێستەش گەیشتووەتە ئەنجامەكەی و دەیەوێ ئەو مەترسییە دروست بكات و سلێمانی جیا بكاتەوە، بەڵام با باش ئەوە بزانێت ئەو بە دەیان ملیار دۆلار نەیتوانی خزمەتی سلێمانی و خەڵكەكەی بكات، هەزار هێندەی پارەی بودجەشی بۆ تەرخان بكەن ناتوانێت خزمەتی پێ بكات. 

لەبارەی جیاكردنەوەی سلێمانی، ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی پێشووی جڤاتی گشتی گۆڕان بە "وشە"ی گوت، مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی شتێكی زۆر خراپە، وەك ئەوە وایە بە دەستی خۆمان بڵێین قەوارەی هەرێمی كوردستان ناهێڵین، چۆن رێگە بەوە دەدرێت، رەنگە گرفت هەبێت و كێشە دروست بووبێت، بەڵام ئەوە ناكاتە ئەوەی قەوارەی هەرێم لاواز بكرێت.

زیاتر گوتی، جیاكردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە هەولێر و دهۆك، بە مانای لەناوبردن و كۆتاییهێنانە بە هەرێمی كوردستان، ئەوەش دڵخۆشییە بۆ عەرەب و شیعەكان، عەرەب و لایەنە نەیارەكانی كوردستان لە بەغدا نایەن بڵێن با هەرێم نەمێنێت، بەڵام ئەو لە خوای دەوێت كە لە ناوخۆوە داوای شتێكی لەو جۆرە بكرێت، ئەوانیش پشتیوانی دەكەن و لەگەڵیدا دەبن.

جێگری سەرۆكی پێشووی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی كردەوە، ئەو بڕگەیە هیچ سوودی بۆ سلێمانیش نابێت، چونكە لە هەولێر جیا دەكرێتەوە، سلێمانی پێوەندی بە هەرێمەوە نامێنێت و قەوارەی هەرێم لەناو دەچێت، رەنگە سبەی بتوانن چوار جادە بكەن، بەڵام هەر جیاكردنەوەیەك لە هەرێم كارەساتە و كۆتاییهێنانە بە قەوارەكەمان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لای "وشە"ن لە ماوەی ساڵی 2005 تا دوای 2013 لە بەغدا و هەرێمەوە زیاتر لە 55 ملیار دۆلار رەوانەی سلێمانی كراوە، بەڵام پارێزگاكە لە رووی گەشەسەندن و پڕۆژە و خزمەتگوزاری و فراوانبوون لەوپەڕی خراپیدایە، لەكاتێكدا یەكێتی خۆی حزبی باڵادەستی سلێمانی بووە، ئەمە جگە لەوەی كە داهاتی سنوورەكە زۆربەی نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و خزمەتی سنوورەكەشی پێ نەكراوە و بە سەتان پڕۆژە راگیراون و بە سەتان كۆمپانیا و بەڵێندەریش ئیفلاسیان كردووە، بۆیە ئەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ سلێمانی نەیكردبێت یەكێتی نەیكردووە.

لەو بارەوە رێبوار مەحموود، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێم لەپێناو هەندێك پارە شتێكی ئەوپەڕی خراپە، ئابووری بەو جۆرە بەهێز نابێت كە لەولاوە قەوارەی هەرێم لاواز بكەیت، بەغدا چی لە سلێمانی دەست دەكەوێت ئەو هەموو پارەیەی پێ دەدات، راستییەكەی ئەگەر یەكێتی دەیەوێ حوكمڕانییەكی باش بكرێت و گرفت دروست نەبێت، ئەوە با هەمیشە لەگەڵ حكوومەت بێت و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، ئەو داهاتەی هەیە بیداتەوە خەزێنەی حكوومەت، تا حكوومەت بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزاری سنوورەكەی خەرجی بكاتەوە، بۆیە هەوڵێكی خراپ لە ئارایە ئەگەر بكرێت مەترسیدارە.

سلێمانی/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل