نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش مووسڵی داگیر کرد و بووه مه‌ترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستی كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك هه‌ڕه‌شه‌ی له ئاسایشی ناوچه‌كه و دنیا كرد.
له به‌ره‌به‌یانی 10 حوزه‌یرانی ساڵی 2014، كاتێك خه‌ڵكی مووسڵ له خه‌و هه‌ستان و ویستیان رۆژێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ن و ده‌ست به كار و كاسبییان بكه‌ن، له‌پڕ زانییان شاره‌كه‌یان گیراوه و حكوومه‌تی عێراق هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا نه‌ماوه، رێكخراوێكی تیرۆریستی ئیداره‌ی شاره‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتووه.
به‌بێ هیچ جۆره به‌رگریكردنێك شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه دا و خۆیان رایان كرد.
ئه‌م رۆژه داگیركردنی مووسڵ له ته‌واوی میدیاكانی دنیا ده‌نگی دایه‌وه، خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌بوو گرووپێكی چه‌كداری تیرۆریست، توانیان شكست به سوپای عێراق بهێنن. له پارێزگای مووسڵ سوپای عێراق كه خاوه‌نی جبه‌خانه‌یه‌كی زۆر به‌هێز بوو و پێشكه‌وتووترین چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازیی له به‌رده‌ستدا بوو، به‌بێ هیچ جۆره به‌رگریكردنێك شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه دا و خۆیان رایان كرد.
به‌شێك له سه‌ربازانی سوپای عێراق به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان رایان كرد، به‌شێكی تریشیان به‌ره‌و پارێزگاكانی تری عێراق هه‌ڵاتن و ئه‌مه‌ش له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، زۆرترین ره‌خنه و گازنده‌ی لێ كه‌وته‌وه.
رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵ حوكمی شاره‌كه‌یان كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵات و سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیان هێنده به‌رفراوان كرد، نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراقیان له به‌رده‌ستدا بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌وره‌ترین و قێزه‌ونترین تاوانیان له دژی مرۆڤ ئه‌نجام دا. دوو مانگ دوای داگیركردنی مووسڵ، داعش په‌لاماری كوردستانی دا و به‌شێك له ناوچه كوردستانییه‌كانی داگیر كرد.
به سه‌تان هه‌زار ئێزیدی ئاواره بوون و به هه‌زارانیشیان كه‌وتنه ده‌ستی داعش، به كرده‌نی داعش تاوانی جینۆسایدی له دژی ئه‌و پێكهاته ره‌سه‌نه كوردییه جێبه‌جێ كرد و به هه‌زاران كه‌س كوژران و له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا نێژران.
به هاوكاریی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش كه چه‌ند مانگێك دوای داعش پێكهات، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه توانیان گورزی زۆر كاریگه‌ر له داعش بوه‌شێنن و له زۆربه‌ی ناوچه‌كان پاشه‌كشه‌یان پێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وره‌ی به هێزه‌كانی تری گۆڕه‌پانه‌كه به‌تایبه‌تی سوپای عێراق دا تا به‌رانبه‌ر داعش بوه‌ستن و رێ له زیاتر فراوانخوازییه‌كانی بگرن.
داعش جگه له عێراق، به‌شێكی به‌رچاو له خاكی سووریاشی داگیر كردبوو و ره‌قه‌ی كردبووه پایته‌ختی خۆی
پێویسته بگوترێ داعش جگه له عێراق، به‌شێكی به‌رچاو له خاكی سووریاشی داگیر كردبوو و ره‌قه‌ی كردبووه پایته‌ختی خۆی. له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2017، له عێراقدا كۆتایی به داعش هێنرا و له سووریاش له ساڵی 2019 كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه هێنرا، گه‌لی كورد له هه‌ر دوو پارچه‌ی كوردستان، قاره‌مانێتی نواند و توانی به هاوكاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی شكست به داعش بهێنێت.
هه‌رچه‌نده له‌وكاته‌وه داعش هیچ خاكێكی به‌ده‌ست نه‌ماوه، به‌ڵام هێشتا ئه‌ندام و پاشماوه‌كانی هه‌ندێك جار ده‌بنه مایه‌ی نائارامیی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی سنووری ماده‌ی 140 و هه‌ندێك ناوچه‌ی تری عێراق.