لە یاریی كۆتاییدا مانچستەر ستی و ئەنتەر میلان ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

:: PM:01:38:10/06/2023 ‌
بڕیارە ئەمشەو لە یاریگەی ئەتاتوركی ئۆڵۆمپی - ئیستانبۆڵ لە توركیا، یاریی كۆتایی لە نێوان مانچستەر ستی و ئەنتەر میلان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ناسراو بە چامپیۆنسلیگ، بەڕێوە بچێت.

یارییەكە لە سەعات 10 ـی شەو بە كاتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، دوو یانەی ئەوروپا كە یەكەیان مانچستەر ستییە، دوای بردنەوەی لە ریال مەدرید، گەیشتە یاری كۆتایی، هاوكات ئەنتەر میلان دوای بردنەوەی لە ئەیسی میلانی وڵاتەكەی، گەیشتە یاریی كۆتایی.

مێژووی ئەو دوو یانە جیاوازە، یانەی مانچستەر ستی یانەیەكی وەرزشیی شاری مانچستەری شانشینی یەكگرتووی بەریتانیایە، لە ساڵی 1880 سەرەتا بە ناوی یانەی وەرزشیی سانت ماركس دامەزراوە، دواتر ناوەكەی گۆڕا.

 یانەی ئەنتەر میلان یانەیەكی وەرزشیی شاری میلانۆی ئیتاڵیایە و لە ساڵی 1908 دامەزراوە، سێ‌ جار لە مێژووی یانەكەدا توانیویەتی نازناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەست بهێنێت.

یاریی كۆتایی بۆ ئەو دوو یانەیە، گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە تا یەكێكیان ببێتە پاشای ئەوروپا، بەڵام سەرجەم پێشبینییەكان لە بەرژەوەندیی یانەكەی ئینگلتەرایە كە ببێتە پاشای ئەوروپا.



وشە - رامیار جەواد