"ئەركی وەزیری داد چەسپاندنی دادپەروەرییە نەك هەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنی تر دژی هەرێم بوەستنەوە"

:: PM:09:35:10/06/2023 ‌

لە ماوەی‌ چەند رۆژی‌ رابردوودا، بەتایبەتی لەكاتی‌ گفتوگۆكان لەسەر بودجەی‌ عێراق، كە بەهۆی‌ شۆڤینیەت و نەیاری بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان چەندان بۆمب بۆ كوردستان لەو پڕۆژەیەدا دانرابووەوە، كەچی كەسێك كە بەناوی كوردەوە لە بەغدایە، بووەتە رێنیشاندەری‌ ئەو نەیارانە تا زیاتر گوشار بخەنە سەر كوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكەوە بە "وشە" دراون، ئەو كەسەی كە بووەتە رێنیشاندەری نەیارانی هەرێم لە بەغدا خالید شوانی، وەزیری دادی عێراقە، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، ئەو هەوڵانەشی بۆ ئەوەیە ئەو لایەنانە گوشار بخەنە سەر هەرێم و كار بۆ لاوازكردنی بكەن، یەكێتیش ئەو رۆڵەی بە وەزیرەكەی داوە و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵ و پیلانانە دێت كە دژ بە هەرێم دەستیان داوەتێ.

لەو بارەوە نازم هەركی، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی هەوڵێكی چڕی بە نوێنەرایەتیی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان دژی هەرێمی كوردستان بوەستنەوە و كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێستە لایەنەكانی تر بێ گرفت دانیشتوون و خالید شوانی رێگەیان نیشان دەدات، كە ئەوان چی بكەن و چۆن رووبەڕووی هەرێم ببنەوە و گوشار بكەن بۆ ئەوەی كوردستان بخەنە دۆخێكی خراپەوە.

روونی كردەوە، ئەو هەوڵانەی یەكێتی لە رابردوودا كاری بۆ كراوە بۆ ئەوەی ئێستە بگەنە ئەنجام، ئەمانە كاریان عێراقچیەتی بووە و هەمیشە لە پیلان و هەوڵدا بوون تا كوردستان رووبەڕووی مەترسی گەورە بكەنەوە و بە مەرام و بەرژەوەندی خۆیان بگەن، حزبێكیش هەموو خەبات و مێژووی بۆ ئەوە تەرخان بكات كە هەرێم لاواز بێت و كاریان بووبێتە ئەوەی رێگە نیشانی لایەنی تر بدەن بۆ گوشاركردنە سەر كوردستان، كەی حزبی ئەوەیە خەڵك پشتی پێ ببەستێت و هیوای پێی هەبێت و خۆشی بە خەمخۆر و دڵسۆزی راستەقینەی خەڵك بزانێت و پێی وایە ئەو لەگەڵ هاووڵاتییانە.

"یەكێتی هیچكات ناتوانێت پیلانەكانی بەرانبەر بە هەرێم جێبەجێ بكات ئەگەر هەرچی لایەنی تر هەیە لە پشتی بێت، یەكێتی ئەو حزبەیە كە هەمیشە لەگەڵ نەیارانی كورد پیلانی داناوە، وەزیری داد بۆچی رێگری لە پیلانەكانی عەرەبی كەركووك ناكات، كە رۆژانە بەسەر برا جووتیارە كوردەكانی كەركووك دەیهێنن، زەوییان داگیر دەكەن، دەیسووتێنن، سووكایەتییان پێ دەكەن، دەریان دەكەن، خۆ ئەو وەزیری دادە و هەموو شت لەژێر دەسەڵاتی خۆیەتی، كوا رێگری لە تەعریب و داگیركاریی زەوی كوردەكان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن زەوییەكان، لەبەر ئەوە باشترە خالید شوانی دوای ئیشی خۆی بكەوێت، كە دەیان هەزار كورد چاوەڕێی دەستی ئەون و ئەویش پاڵی داوەتەوە"، نازم هەركی وای گوت.

پێوەست بەو بابەتە تەحسین غەریب، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، كەسێك پۆستەكەی وەزیری داد بێت، كەواتە ئیشەكەی ئەوەیە دادگەری و دادپەروەری بچەسپێنێت و هەوڵی ئەوە بدات كاری نایاسایی نەكرێت، ئەگەر ئەو كەسە كە لەو پۆستەیە خۆی پێچەوانە كاری كرد، كەواتە شتێك نامێنێتەوە بەناوی دادگەری، بۆیە هەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنی تر دژی هەرێم بوەستنەوە كارێكی خراپە، عەرەب هیچكات باش نەبووە بۆ كورد و كوردستان، كەواتە لەسەر چ بنەمایەك هەوڵێكی لەو جۆرە دەدرێت لە پێناو لاوازكردنی هەرێم و گوشارخستنە سەر كوردستان.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە كە گوشارەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیەن كە لە پڕۆژەیاسای بودجە، كە بەشێكی مادەكان ماون پەسەند بكرێن و پێوەستە بە هەرێمەوە، دەسەڵات و پێگەی هەرێم لاواز بكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل