له كتێبی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه نووسراوه و رووداوه‌كانی ساڵی 2003 تا 2016 له خۆی ده‌گرێ، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به هه‌وڵی متمانه‌سه‌ندنه‌وه له مالیكی ده‌كات له‌وكاته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه.
سه‌رۆك بارزانی نووسیویه‌تی" راو بۆچوونی زۆربه‌ی براده‌ران و دۆستان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه وا باشتره موقته‌دا سه‌د بانگێشت بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئێمه ئه‌وه‌مان پێ‌خۆش‌بوو، ئه‌و كاته موقته‌دا سه‌در له قووم بوو، نێچیرڤان بارزانی كه سه‌ردانی تارانی كردبوو رۆژی 26ی نیسانی 2012 موقته‌دای له‌گه‌ڵ خۆی هێنا بۆ هه‌ولێر و دوای ئه‌وه پێشنیار كرا به ئاماده‌بوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان كه له مالیكی ناڕازین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بكرێت و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاره‌سه‌رێك بۆ زێده‌ڕۆییه‌كان بدۆزرێته‌وه و پڕۆسه‌ی سیاسیی بكه‌وێته سه‌ر ڕێی راست".
مام جه‌لال رێگه‌ی نه‌دا كۆسره‌ت ره‌سووڵ رێككه‌وتنه‌كه ئیمزا بكات
هه‌روه‌ها له‌و به‌شه‌دا نووسیویه‌تی، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه گیرا و بۆ چاره‌سه‌ری بابه‌ته‌كه چه‌ندان بژاره خرانه ڕوو، كه ئایا یاداشتێك به ناوی هه‌موو بهشداربووایهوه ئاراسته‌ی مالیكی بكرێت و داوای لێ بكرێت ده‌ست به چاكسازی بكات و واز له تاكڕه‌وی بێنێت، هاوكات رێككه‌وتنێكی پێنج قۆڵی له نێوان پارتی و یه‌كێتی و موقته‌دا سه‌در و ئه‌یاد عه‌لاوی و ئوسامه نوجێفی و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی واژوو كرا، له كاتی ئیمزاكردندا داوا له كۆسره‌ت ره‌سووڵ كرا رێككه‌وتنه‌كه به ناوی یه‌كێتی ئیمزا بكات، چونكه مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار بوو نه‌ده‌كرا به ئاشكرا بێته ناو بابه‌ته‌كه‌وه، كه‌چی مام جه‌لال رێگه‌ی نه‌دا كۆسره‌ت ره‌سووڵ رێككه‌وتنه‌كه ئیمزا بكات، دواتر هۆكاری رێگهنهدانهكهمان بۆ روون بووه‌وه، مه‌به‌ست هێشتنه‌وه‌ی خه‌تی ره‌جعی بوو بۆ خۆیان.
" مام جه‌لال به به‌رچاوی هه‌موو به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه رای گه‌یاند، من وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه و نامه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌م، ئوسامه نوجێفیش كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو به مام جه‌لالی گوت، تۆ رێگه و كارهكهمانت كورت كرده‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بووین متمانه له مالیكی وه‌ربگیرێته‌وه" سه‌رۆك وای نووسیوه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، رۆژی 30ی ئایاری 2012 هه‌موو ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی تایبه‌ت به داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی، له دووكان میوانی مام جه‌لال بوون، مام جه‌لال به ئاماده‌بووانی راگه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر ئیمزای 164 په‌رله‌مانتاری بۆ بێنن، ئه‌ویش نامه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه ره‌وانه په‌رله‌مان ده‌كات، دوای ئه‌و قسه‌یه مام جه‌لال د.فوئاد حوسێن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نامه و ئیمزای په‌رله‌مانتاران راسپێردرا، دواجار 176 په‌رله‌مانتار ئیمزای وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانییان كۆ كرده‌وه، دوای ئه‌و هه‌وڵه، مام جه‌لال له قسه‌كه‌ی خۆی پاشگه‌ز بووه‌وه و نامه‌كانی بۆ په‌رله‌مان نه‌نارد، ئه‌و هه‌ڵوێسته بووه هۆی گرژی و كێشه‌یه‌كی گه‌وره له نێوان هه‌موومان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، ئه‌وه‌ی مام جه‌لال كردی هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕواننه‌كرا و بوو.
له كۆتایی ئه‌و به‌شه‌دا سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ، دواتر بۆمان روون بووه‌وه كه ئێران له ڕێی كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه گوشارێكی یه‌كجار زۆری خستووه‌ته سه‌ر مام جه‌لال كه پاشگه‌ز ببێته‌وه و ته‌نانه‌ن هه‌ڕه‌شه‌شیان لێ كردبوو، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مه‌ریكایش پێی خۆش‌بوو مالیكی بمێنێته‌وه، به‌مجۆره هه‌وڵه‌كانی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا و بووه هۆی ئه‌وه‌ی پتر له جاران غرووری دایبگرێت و مل بنێته سه‌ره‌ڕۆی زیاتر.