فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

:: AM:10:46:27/08/2023 ‌
هونەر خۆراكێكە بۆ رۆح و جەستەی مرۆڤ، هەر گەلێكیش خاوەن هونەر و كولتووری خۆیەتی، لە فێستیڤاڵی ساڵانەی هونەر و كولتووریی گەلان، هەر گەلێك كولتوورەكەی خۆی نمایش دەكات، بڕیارە لە هەشتی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەم فێستیڤاڵە لە سلێمانی بەڕێوە بچێت.

 فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان بە بەشداری چەندان وڵاتی عەرەبی و بیانی بەڕێوە دەچێت، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكەش دەڵێت، "رۆژانە سێ گرووپ ئاواز و موزیكی كولتووری خۆیان پێشكەش دەكەن ".

ئەمڕۆ یەكشەم 27 ئاب، گۆران عەلی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی هونەری گەلان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە دیداری سلێمانی بۆ كاروباری كولتووری و بواری موزیکە و لە هەشتی مانگی داهاتوو ساز دەکرێت.

ئەو دەڵێ، فێستیڤاڵەكە بەناوی "ئاوازی گەلان"ـە، ئەو گەلانەی لە میلەتی كوردەوە نزیكن وەك تورك، عەرەب، فارس، ئازەری و ئەرمەنی، هەموو ئەو وڵاتانەی كە كولتووریان لە كولتووری كوردەوە نزیكە و لە چواردەوری خۆمانن، ئەمساڵ تێیدا بەشدارن.
 
گۆران عەلی زیاتر گوتی، فێستیڤاڵەكە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، لە هەشتی مانگی داهاتووەوە دەست پێ دەكات و تا 11ی ئەیلوول درێژەی دەبێت، رۆژانە سەعات شەش و 30 دەست پێ دەكات و بۆ هەر رۆژێكیش سێ گرووپ بەشدار دەبن.


وشە - لاڤین عومەر