ئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی نیوەی دیاری كران و بە دڵی بافڵن

:: AM:10:59:28/08/2023 ‌
دوای كۆبوونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و مەرجەكانی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، ئێستە بەشی زۆری ئەندامان دیاری كراون، ئەوەیش مانای ئەوەیە زۆربەیان بە دڵی بافڵ تاڵەبانین.

یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بڕیاری دا، لە كۆتایی مانگی‌ ئەیلوولی‌ ئەمساڵ، كۆنگرەی‌ پێنجەمی‌ ببەستێت و بەگوێرەی‌ زانیارییەكانی‌ "وشە"، هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە دەسەڵاتی‌ بافڵ تاڵەبانی‌ زیاد بكرێت و كێشەی‌ لاهوور شێخ جەنگی‌ بە تەواوی‌ بنبڕ بكرێ‌.

دوێنێ‌ بڕیار درا بەرپرسی مەكتەب و ناوەندەكان و ئەندامانی سەركردایەتی دووبارە بكرێنەوە ئەندامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، بەمەیش مانای بەسەرخستنی زۆرترین ئەندانی كۆنگرە كە لایەنگری بافڵ تاڵەبانین، ئەوەیش دوای ئەوەی كەسانی نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی لە ناوەند و بەرپرسیاریەتی مەكتەب و ناوەندەكانی یەكێتی دوور خراونەتەوە.

بەپێی ئەو بڕیارانەی كۆنگرەی یەكێتی 600 ئەندام بەشدارن، بەمەیش 100 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ كۆنگرە لە بەرژەوەندی بافڵن یەكلا بوونەتەوە، بەشی زۆری بەرپرسی مەكتەب و ناوەندەكانی یەكێتی و مەڵبەندەكان كە گۆڕانكارییان پێ‌ كراوە یەكلا بوونەتەوە، ئەوەیش مانای ئەوەیە ئێستە بافڵ كورسییەكەی سەرۆكی یەكێتی مسۆگەر كردووەتەوە.

كۆتاییەكانی‌ ساڵی‌ 2019 یەكێتی‌ كۆنگرەی‌ چوارەمی‌ بەڕێوە برد، سیستمی‌ نوێی‌ سیاسیی پێڕەو كرد و سەرۆكایەتیی‌ حزبەكەی‌ كرد بە هاوسەرۆكی‌، بەڵام سیستمەكە دوو ساڵی‌ تەواو نەكرد، كێشە رووی دا و ئێستە هاوسەرۆكێك لە ماڵەوەیە و بافڵ تاڵەبانیش هەموو دەسەڵاتەكانی‌ گرتووەتە دەست.

بەستنی‌ كۆنگرەی‌ یەكێتی‌ لە كاتێكدایە كە ئەو حزبە بە تەنگژەی‌ گەورەدا تێپەڕ دەبێت، ئێستە جگە لە لاهوور شێخ جەنگی‌، مەترسی هەیە ئەنجوومەنی‌ باڵای‌ سیاسی و بەرژەوەندیی‌ یەكێتی‌ كە لە سەركردە دێرینەكان پێكدێن، هەڵگەڕێنەوە و چیتر سیاسەتی‌ بافڵ قبووڵ نەكەن.






وشە - رامیار جەواد