حكوومه‌ت بایی سه‌تان ملیۆن دینار پشكنینی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كرد به‌ خۆڕایی

:: PM:03:39:31/08/2023 ‌
دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی خۆڕایی بۆ نه‌خۆشان به‌رده‌وامه‌، پشكنین و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ بێ به‌رانبه‌ر ده‌كرێت و له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ده‌كرێت.

فه‌رمانگه‌ی‌ میدیا و زانیاری‌ بڵاوی‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر نه‌خۆشێكی شێرپه‌نجه‌، پێویستیی به‌ پشكنینی "پیتیسكان" هه‌بێت، به‌ خۆڕایی بۆی دابین ده‌كرێت، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، 910 پشكنینی پیتیسكان به‌ تێچووی 637 ملیۆن دینار بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ تێچووه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌خۆش 750 دۆلاره‌، حكوومه‌ت به‌خۆرایی بۆیان دابین ده‌كات.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ كه‌ له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، 68 نه‌خۆش بۆ پشكنینی ئۆنكوتا نێراونه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا، تێچووه‌كه‌یشی 251 ملیۆن له‌سه‌ر حكوومه‌ت كه‌وتووه‌.

سندووقی شێرپه‌نجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌ت بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ و له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، زیاتر له‌ دوو ملیار دینار بۆ چاندنی مۆخ بۆ 47 نه‌خۆش له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌رج كراوه‌. له‌ كاتێكدا 408 ملیۆن دینار بۆ نه‌شته‌رگه‌ری له‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ش 468 ملیۆن دینار خه‌رج كراوه‌.

د. هه‌ردی جه‌واد به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: "حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ سندووقی كۆمه‌ك بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه‌، له‌ هه‌وڵی هاوكاریكردنی نه‌خۆشان و چاره‌سه‌ركردنیاندایه‌، ئه‌وه‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكوومیدایه‌ و جۆری نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان له‌ ڕێی لیژنه‌وه‌ بۆی دیاری ده‌كرێت. ئه‌گه‌ریش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی به‌رده‌ست نه‌بوو، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بۆیان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ له‌ ناو هه‌رێم به‌هه‌ر هۆكارێك به‌رده‌ست نه‌بوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆیان ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بودجه‌ی نزیكه‌ی حه‌وت ملیار دیناری ساڵانه‌ی بۆ كڕینی ده‌رمانی گرانبه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ی سندووق دابین كردووه‌."

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردن و چاودێریی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت و له‌ دابینكردنی تێچووی چاره‌سه‌ركردنیان به‌رده‌وام ده‌بێت.



وشە - وشه‌