یاس خزر دنیا و هونەری عێراقیی جێهێشت

:: AM:08:47:02/09/2023 ‌
یەك لە دەنگە زۆر ناوازەكانی گۆرانیی رەسەنی عێراقی، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و سەندیكای هونەرمەندانی عێراقیش بەیاننامە بۆ مرردنی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بڵاو دەكاتەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو دووی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، سەندیكای هونەرمەندانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، مردنی یاس خزر كە یەك لە دەنگە زۆر ناوازەكانی گۆرانیی رەسەنی عێراقییە بڵاو كردەوە و سەرەخۆشیی لە تەواوی هونەرمەندانی عێراق و كەسوكارەكەی دەكات.

بەپێی بەیاننامەكەی سەندیكای هونەرمەندانی عێراق، یاس خزر ماوەیەك بوو نەخۆش بوو و ئێوارەی دوێنێ لە تەمەننی 85 ساڵیدا لە بەغدا كۆچی دوایی كرد، بۆیە وەك سەندیكا سەرەخۆی لە تەواوی هونەرمەندانی عێراق و عەرەب دەكەین كە دەنگێكی رەسەنی عێراقیمان لە دەست دا.

مردنی هونەرمەند یاس خزر، دوای دوو رۆژ دوای مردنی كەریم عێراقی بوو كە شاعیرێكی ناوداری بواری گۆرانیی بوو.

یاس خزر لە بواری گۆرانیدا بە نەوەی ساڵانی شەستەكان هەژمار دەكرێت كە هاوشان و هاوڕێی هونەرمەند حوسێن نیعمە بوو، هاوكات دەكەوێتە پێش نەوەی هونەرمەندان سەعدوون جابر و ریاز ئەحمەد و ئەوانی تر لە دەنگە رەسەنەكانی گۆرانیی عێراقی.

زۆرن لەو گەنجانەی لە بواری گۆرانیدا لاسایی دەنگی یاس خزر دەكەنەوە و گۆرانییەكانی ئەویان بە موزیكی مۆدێرن نوێ كردووەتەوە، بۆیە لە گۆرانیی عێراقیدا بە پێشەنگ هەژمار دەكرێت كە خاوەنی سەتان گۆرانیی تایبەتی خۆی هاوكات فۆلكلۆر بووە. جیالەوەی ئەو هونەرمەندە پسپۆری بواری مەقامی عێراقی بووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د