نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاری كرا و بڕیارێكی دڵخۆشكەر بۆ هاووڵاتییان هەیە

:: AM:11:39:02/09/2023 ‌
لەلایەن ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، نرخی موەلیدە بۆ مانگی ئاب دیاری كرا، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش بڕیارێكی دڵخۆشكەر بۆ هاووڵاتییان رادەگەیەنێت.

مانگانە بەدیاریكراوی لە یەك یان دووی هەر سەرەتای مانگێك نرخی ئەمپێری موەلیدە بەپێی سەعاتەكان دیاری دەكرێت، نرخەكەشی لە مانگێك بۆ مانگێكی تر جیاوازە.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئەیلوول، قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی ئاب دیاری كرا و نرخەكەشی بەو شێوەیە زۆر نییە لە سۆشیال میدیا باس دەكرا.

زیاتر گوتی، نرخی هەر ئەمپێرێك لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازە، بەڵام لە هەولێر نرخی هەر ئەمپێرێك لە نێوان 15 بۆ 18 هەزار دینار دیاری كراوە و لە ئەمڕۆوە دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی.

باسی لەوەش كرد، خاوەن موەلیدەكان ئاگادار كراونەتەوە گوشار لە ماڵەكان نەكەن بۆ وەرگرتنی پارە، چونكە مووچە نەهاتووە، بۆیە ئەگەر خاوەن ماڵ مووچەی وەرنەگرتبێت، دەبێت خاوەن موەلیدە لەسەری بوەستێت تا مووچەكەی وەردەگرێت.

لە مانگی تەمووز نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێر لە نێوان 14 بۆ 17 هەزار دینار بوو، بۆ ئەم مانگە تەنیا یەك هەزار دینار لە نرخەكەی زیادی كردووە.
 


وشە - رامیار جەواد