فێستیڤاڵێكی موزیك لە رانیە ساز دەكرێت

:: AM:11:31:05/09/2023 ‌
هونەر خۆراكێكە بۆ رۆح و جەستەی مرۆڤ، هەر گەلێكیش خاوەن هونەر و كولتووری خۆیەتی، لە فێستیڤاڵێكی موزیكدا بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی رانیە، سێ گرووپی تایبەت بە موزیك، رۆژی پێنجشەم چالاكییەك ساز دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئەیلوول، هێمن مۆفەق سەرۆك بەشی موزیك لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رانیە، بە "وشە"ی راگەیاند، رۆژی پێنجشەم لە سەعات هەشتی ئێوارە، لە شانۆی ناو پاركی دەروازە فێستیڤاڵێكی موزیكی ساز دەكەین.

ئەو سەرۆك بەشە گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی رانیە فێستیڤاڵەكە ساز دەكات، هەروەها چالاكیی فێستیڤاڵەكە پێكدێت لە سێ گرووپی موزیك و گرووپێكی هەڵپەڕكێ، گرووپەكانیش پێكدێن لە گرووپی هونەری رانیە، گرووپی نامرێ قەڵادزێ، گرووپی سارنجی كۆیە، گرووپی هەڵپەڕكێی خانەی رۆشنبیری رانیە.


وشە - لاڤین عومەر