چوار ڕۆژ پێش ئێستە لە دارستانی شارۆكەی قەڵادزێ، تەقە لە سێ هاووڵاتی دەكرێت و هەرسێ هاووڵاتی گیان لە دەست دەدەن، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوە دەستی پێ كرد، بكوژەكە دەستنیشان كرا و گیرا.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوێنێ ئەو كەسەی سێ هاووڵاتییەكەی قەڵادزێی كوشت، لە شارۆكەیەكی تری هەرێمی كوردستان گیرا.
ئەوەیش زانراوە، بكوژەكە خزمی یەكێك لە كوژراوەكانە و لە رۆژی یەكەمی پرسەكەیشیدا بەشداری كردووە، دواتریش سەردانی ماڵەوەی كوژراوەكەیشی كردووە، بەڵام دوای زانیاری ئەوەی كە خەریكە ئاشكرا دەبێت، هەڵدێت و قەڵادزێ جێدەهێڵێت.
زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە نێوان بكوژ و كوژراوەكاندا نەبووە، تا ئێستەش دیار نییە بۆچی بكوژ ئەو سێ كەسەی كوشتووە.
لەبارەی شێوازی ئاشكرابوونی بكوژ، ئەوەش زانراوە كە دوای گرتنی چەند ماتۆڕسكیلێك و لێكۆڵینەوە، توانیویانە بكوژەكە بدۆزنەوە كە ماتۆڕسكیلەكەش هی خۆی نەبووە.