لە عێراق ژنان دەچنە ناو دنیای تاوانی رێكخراو

:: PM:07:02:13/09/2023 ‌

عێراق لە هەموو بوارێكەوە روو لە لاوازی و پەرتەوازییە، رەنگە گەورەترین هۆكارەكەی بوونی میلیشیاكان بێت، كە دەسەڵاتی دەوڵەتیان لاواز كردووە و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پاڵپشتی لە باندە جیاجیاكانی تاوان دەكەن، توێژەرێكی عێراقی دووپاتی دەكاتەوە كە خراپیی دۆخی بژێوی و دارایی، وای كردووە ژنان بە توندی بێنە ناو دنیای تاوان و تاوانكاری لە عێراق.

مستەفا تائی، توێژەر دووپاتی دەكاتەوە كە بەم دواییە رێژەی بەشداریكردنی ژنان لە دنیای تاوانی رێكخراو بەرز بووەتەوە، ئەوەش شتێكی شاراوە نییە، لە هۆكارەكانی ئەوەش خراپیی دۆخی بژێوی و دارایی هەندێك خێزانەكانە، كە وای كردووە ژنانیش ببنە بەشێك لە باندەكان بۆ دەستكەوتنی پارە.

ئەو توێژەرە روونی كردەوە، لێكترازانی خێزانی وای كردووە هەندێك لە كچان پەنا بۆ كاری نایاسایی و ناشەرعی ببەن، كە ئەوەش شتێكی نامۆیە لە كۆمەڵگەی عێراقی و چەند هۆكارێك بوونەتە هۆی پەرەسەندنی، لەوانە بەكارهێنانی خراپی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەرەسەندنی كێشە و ناكۆكییە خێزانییەكان و خراپیی دۆخی دارایی و بژێوی خێزان و تاك و هیتریش.

بەم دواییە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە چوار ژن و پیاوێكیان لە ناوچەی سەیدییە لە بەغدا گرتووە، ئەوان كچێكیان لە خانووێك دەستبەسەر كردبوو، وێڕای دەستدرێژی سێكسی، ویستوویانە بازرگانی پێوە بكەن و بیفرۆشن.

لە مانگی ئابی رابردووش، فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی رای گەیاند كە باندێكی چوار كەسیان لە ناوچەی بەیاع بەغدا گرتووە، كە سیانیان ژنن، ئەو باندە تایبەت بووە بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل