لە سلێمانی كچێك لەسەر پردێك دەكەوێت و گیان لە دەست دەدات

:: AM:10:03:14/09/2023 ‌
بەیانیی ئەمڕۆ كچێك لە نزیك زانكۆی سلێمانی گیانی لە دەست دا، ئەوەیش دوای ئەوەی لەسەر پردێكی پەڕینەوە، دەكەوێتە خوارەوە و سەری بەسەختی بریندار دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول، سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی (122) راگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ تیمەكانیان ئاگادار كراونەتەوە لە بوونی رووداوێك، دوای ئەوەی دەچنە شوێنەكە لە نزیك كامپی نوێی زانكۆی سلێمانی، دەبینن كچێك بەهۆی كەوتنەخوارەوەی لەسەر پردێكی پەڕینەوە، گیانی لە دەست داوە.

لە هەندێك زانیاریدا باس لەوە دەكرێت ئەو كچەی گیانی لە دەست داوە، لەسەر پردی پەڕینەوەكە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، ئێستەیش پۆلیسی ئەو شارە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و تا ئێستە تەواوی رووداوەكە روون نەبووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییانەی لە كاتی رووداوەكە لەو شوێنە بوون دەڵێن، سەری بە سەختی بریندار بووە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی، دواتر تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری كرا.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پێوەندیی بە سامان نادر بەرپرسی راگەیاندنی 122 ـی فریاكەوتنی سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.



وشە - رامیار جەواد