یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ سەرکەوتنی بەدەست هێنا

:: PM:12:31:16/09/2023 ‌
تیمێكی زانستیی ئه‌مه‌ریكی له‌ چاندنی گورچیله‌یه‌كی به‌راز بۆ کەسێک كه‌ مێشكی مردبوو، سەرکەوتنیان تۆمار کرد، گورچیله‌كه‌ له‌ ڕووی بۆماوه‌ییه‌وە ده‌ستكاری كرابوو.

به‌گوێره‌ی "عه‌ره‌بیه‌" سه‌ركه‌وتنی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر مرۆڤ، به‌ پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ی پزیشكی داده‌نرێت كه‌ ده‌توانرێت حاڵه‌تی كه‌می ئه‌ندامه‌كانی مرۆڤ كه‌م بكاته‌وه‌ و هیوا ببه‌خشێته‌وه‌ به‌ ملیۆنان كه‌س.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كه‌، به‌رازێكیان به‌كار هێنا كه‌ جیناته‌كانی ده‌ستكاری كرابوون بۆ ئه‌وه‌ی شانه‌كان ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ئه‌ندامه‌ چێنراوه‌ ڕه‌ت نه‌كه‌نه‌وه‌.

ڕۆبێرت مۆنتگۆمێری به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی چاندن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی لانگۆن له‌ زانكۆی نیویۆرك كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ تێیدا ئه‌نجام دراوه‌ ڕای گه‌یاند: له‌ ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا له‌ ڕێی چاودێری و شیكاری ورده‌وه‌، زۆر شت فێر بووینه‌ و هۆكاری باشیشمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شبین بین بۆ داهاتوو له‌و كاره‌.

مۆنتگۆمێری ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌، كریاتینی وه‌رگره‌كه‌ له‌ ئاستی نائاسایی بوو كه‌ پێشانده‌ری خراپی كاركردنی گورچیله‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر دوای چاندنی گورچیله‌كه‌، ئاسته‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باری ئاسایی خۆی.

توێژه‌رانی سه‌نته‌ری پزیشكی كه‌ زانكۆی نیویۆرك ڕایان گه‌یاند، وه‌رگری گورچیله‌كه‌ خۆی مێشكی مردووه‌ و نیشانه‌كانی تێكچوونی گورچیله‌ی لێ ده‌ركه‌وتووه‌، به‌رله‌وه‌ی ئامێری مانه‌وه‌ی له‌ ژیان له‌سه‌ر لابدرێت خێزانی نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ڕازیبوون، له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژدا گورچیله‌ نوێیه‌كه‌ به‌ خوێنبه‌ره‌كانی نه‌خۆشه‌كه‌وه‌ لكێنرا.



وشە - كەژاڵ كەمال