راپۆرتێك: مەترسی هەیە شاری مووسڵ بە دەردی درنەی لیبیا بچێت

:: PM:08:00:16/09/2023 ‌

ئەوەی نەهامەتی و كارەساتەكەی شاری درنەی لیبی زۆر زیاتر كرد، بوونی دوو بەنداو بوو لە نزیك شارەكە، كە بەهۆی زریانی دانیال و بارانی بەخۆڕ لە ماوەیەكی كەمدا، بووە هۆی دروستبوونی پەستانێكی زۆر لەسەر ئەو دوو بەنداوە و داڕمانیان، بەوەش چەندان گەڕەكی شارەكە ژێر ئاو كەوتن، راپۆرتێك لەسەر ئەو بنەمایە، مەترسی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە بەنداوی مووسڵ دەكات.

وەك لە راپۆرتێكی تۆڕی "ناشناڵ جیوگرافیك"ی ئەمەریكی هاتووە، مەترسی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ و كارەساتی شاری درنەی لیبیا لە مووسڵ دەكرێت، چونكە مەترسیدارترین بەنداو لە دنیا لە پارێزگەی نەینەوا هەیە، كە بەنداوی مووسڵە، ئەگەر بێتە رووخان، زیانێكی زۆر گەورەی گیانی و ژینگەیی و شوێنەواری دروست دەكات. 

بەنداوی مووسڵ، یەكێكە لە گەورەترین ئەمبارەكانی ئاو لە عێراق، دەكەوێتە سەر رووباری دیجلە لە سنووری پارێزگەی نەینەوا، كێشەی ئەو بەنداوە ئەوەیە بناغەكەی لە گەچ دروست كراوە، واتە بە بەردەوام پێویستی بەوەیە درز و بۆشاییەكانی بە چیمەنتۆ پڕ بكرێتەوە، بۆ ئەوەی نەڕمێت، لە 2016 باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا وریایی بە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق دا و داوای لێ كردن ئامادە بن بۆ جێهێشتنی عێراق لە حاڵەتی رووخانی بەنداوەكە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو ساڵ بوو ئەو بەنداوە كەوتبووە دەستی داعش و پرۆسەی چاككردنەوەی بۆ نەكرابوو.

ئێستە هەردوو حكوومەتی ئیتاڵیا و ئەمەریكا یارمەتی عێراق دەدەن بۆ چاككردنەوەی بەردەوامی بەنداوەكە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە هێشتا مەترسی رووخانی هەیە، بە پێی ئەو تۆڕە ئەمەریكییە لە حاڵەتی رووخانی بەنداوی مووسڵ، لە ماوەی چەند سعاتێكدا ئاو لە شاری مووسڵ بۆ 21 مەتر بەرز دەبێتەوە، تا دووری 280 كیلۆمەتریش لە بەنداوەكە بە ئاراستەی باشوور شەپۆلێكی گەورەی لافاو لە رووباری دیجلە دروست دەبێت، بەوەش لە ماوەی سێ بۆ چوار سەعات لە رووخانی بەنداوەكە ئەگەر رێڕەوی ئاوەكە نەگۆڕدرێت، ملیۆنێك و 500 هەزار كەس لەوانەی لە دەروبەری رووباری دیجلە دەژین تیادا دەچن، جیا لە وێرانبوون و راماڵینی هەزاران ناوچەی شوێنەواری و كولتووری و كشتوكاڵی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل