تا ئێستە 15%ی دانیشتووانی سلێمانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان نییە

:: PM:09:23:16/09/2023 ‌

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە ئەو گەڕەك و ناوچانەی تا ئێستە تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان پێ نەگەیشتووە، كەمتر لە 15%ی دانیشتووانی سلێمانی پێك دێنن، دووپاتی كردەوە، ئەو ناوچانە بە تانكەر ئاوی خواردنەوەی پاكیان پێ دەگات، بەڵام هەفتەی جارێك، ئەو بەرپرسە پێی وایە ئەگەر هاووڵاتییان لە دەرەوەی ئەو ئاوە پاڵشتی كراوە ئاو بكڕن خۆیان بەرپرسیارن.

ئەمڕۆ شەموو بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە سلێمانی چەند ناوچە و گەڕەكێك هەن كە تا ئێستە تۆڕی ئاویان بۆ رانەكێشراوە و بە تەنكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، روونی كردەوە، ئەو ئاوەش هیچ گرفتێكی نییە و لە چوارچێوەی ئەو ئاوی خواردنەوەیەیە كە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ گەڕەك و كۆڵانەكان تەرخانی دەكات.

هەروەها گوتی، ئەو گەڕەكانەی تا ئێستە ئاوی بیریان نییە، 15%ی دانیشتووانی شاری سلێمانی پێك دێنن و دەكەونە دەرەوەی شار و شەقامی 60 مەتری، كە بەشێكی گەڕەكەكانی بەكرەجۆ و قڕگە و چوارچرا و چەند گەڕەكێكی ترن، ئەو ماڵانە هەفتەی جارێك ئاوی خواردنەوەیان بە تانكەر پێ دەدرێت، ئەگەر بەش نەكا و خۆیان لەپشت ئەوەوە ئاو بكڕن، ئێمە لە رووی تەندروستییەوە لێی بەرپرس نین، چونكە ئەو ئاوی دەدرێتە ئەو ماڵانە تانكەرەكە لۆگۆی لەسەرە و كێشەی تەندروستی نییە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئاوی خواردنەوەی سلێمانی پیس نییە و گرفتێكی نییە، بەڵام ئەو ناوچانەی تۆڕی ئاویان نییە و ئاو دەكڕن، ئێمە بەرپرس نین لەو ئاوەی ئەوان دەیكڕن كە لە شەمعەی فەرمی یان لە چ شوێنێكی تر دەیكڕن، بەڵام رۆژانە ئاوی خواردنەوەی پاك و بێ گرفت بەسەر گەڕەكەكانی شاری سلێمانی دابەش دەكرێت و هیچ گرفتێكی نییە و لەژێر چاودێری تەندروستی و ئاوێكی پاك و خاوێنە.

لای خۆیەوە حەسەن كەریم، دانیشتووی ناوچەی تانجەڕۆ بە "وشە"ی گوت، گەڕەكی كوردی تانجەڕۆ یەكێكە لەو گەڕەكانەی كە چەندان ساڵە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بۆ رانەكێشراوە و بە تانكەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەڕوات، هەفتەی یەكجار ئاوی تانكەر دێت، جاری واش هەیە زیاترە، دەبێت بەشی ئەو چەند رۆژە بكات، كە بەدڵنییایەوە ئەو ئاوە بەش ناكات، بەتایبەتی بۆ وەرزی هاوین، چونكە خواست لەسەر ئاو زیاترە و خەڵك زیاتر بەكاری دێنن، بەتایبەت بۆ فێنككەرەوە.

روونی كردەوە، ئەو ئاوی تانكەرە بەدڵنیاییەوە ئەگەر كەسانێك لە نەزانییەوە بیكڕن گرفت و كێشەیە، چونكە لە ماوەی رابردوودا ئاشكرابوو كە چەندان تانكەر ئیشی ئەوەیان كردووە ئاوی پیسیان بە ئاوی خاوێن بە هاووڵاتییان فرۆشتووە، لەكاتێكدا ئەو ئاوە هیچ پاك نەبووە و سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە، هەر گەڕەك و ناوچەیەكیش تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نەبوو رووبەڕووی ئەو كێشە دەبێتەوە.

پێوەست بەو پرسە هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ناوچانەی تا ئێستە تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان نییە، ئاوی خواردنەوەیان بە تانكەر لە شەمعەكانەوە، كە ئاوی پاك و پشكنینی بۆ كراوە، بۆ دابین دەكرێت، ئاشكرای كرد كە رەنگە نەبوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوە هۆكارەكەی قەیرانی دارایی بێت.

پێشتر د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی  لە دیمانەیەكی "وشە"دا رای گەیاند، پێویستە هاووڵاتییان ئەو ئاوی خواردنەوە بەكاربێنن كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانییەوە پاڵپشتی كراوە، هەروەها لە بارەی نەخۆشی كۆلێراوە باسی لەوە كرد كە رۆژانە نزیكەی 100 كەس لە نەخۆشخانە داخڵ دەبن.

ئەوەش لە كاتێكدایە لەماوەی رابردوو حاڵەتەكانی سكچوون و رشانەوە و نەخۆشی كۆلێرا لە سلێمانی زیادی كردووە و بە سەتان كەس تووشی كۆلێرا بوون، هاوكات وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شارەكەی كرد و باسی لە گرنگیی ئاوی خواردنەوەی شارەكە كرد، كە بەشێكی تا ئێستە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نییە و بەشێكیشی خۆیان بە بەردەوامی ئاو دەكڕن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل