لە یەكەم ساڵوەگەڕیی كوژرانی ژینادا ئێرانییەكان رژانە سەر شەقامەكان

:: PM:11:20:16/09/2023 ‌

لە یەكەم ساڵوەگەڕیی كوژرانی ژینا ئەمینی، ئەو كچە سەقزییە تەمەن 22 ساڵەی كە بە دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە تارانی پایەتەختی ئێران كوژرا، ئەمڕۆ شەموو لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە خەڵكەكە رژانە سەر شەقامەكان و هوتافیان لە دژی رژێمی ئەو وڵاتە دەگوتەوە.

بە پێی راپۆرتەكانی سەرچاوەیان لە ئێرانە و لە میدیاكانی دنیا بڵاو دەكرێنەوە، هەر لە بەیانیی ئەمڕۆوە هێزە تەناهییەكانی ئێران بە چڕی لە چەندان ناوچە بڵاوبووبوونەوە، لەوانە لە شارەكانی تاكستان و ئەردەبیل و كەرەج و شیراز و تەبرێز و مەشهەد و مهاباد و شەهر رێ و تاران و سنە و هەمەدان و ئەهواز و ئەسفەهان و رشت و نەجەف ئاباد و هیتریش، هاوكات هەڵمەتێكی گرتنی چالاكان دەستی پێ كرد.  

بە پێی زانیارییەكان هێزە تەناهییەكانی ئێران رێگەی بانە- سەقزیان داخست، لە سەقز هەلیكۆپتەر بە ئاسمانی شارەكە دەسووڕایەوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو گۆڕستانەی تەرمی ژینای تیادا نێژراوە، هەر لە سەقز هێزە تەناهییەكان تەقەیان لە خەڵكەكە كرد و بریندار هەیە، لە كرماشان لە رۆژئاوای ئێران، هێزە تەناهییەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و كەسێكیان بریندار كرد.

هاوكات لەگەڵ زیندووكردنەوەی ساڵوەگەڕیی كوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن ماڵبات و خەڵكی ئێران لە زۆرینەی ناوچەكان، لە دەرەوەی ئێران لەبەردەم باڵوێزخانەكانی تارانیش ئەو رۆژە زیندوو كرایەوە، كە ئێرانییەكانی بەرانبەر خواستی ئازادی یەكخست، بەتایبەتی ژنان، كە تا ئێستەش ئەو وڵاتە نەهاتووەتەوە سەرەخۆی و لە شەقامەكانی تاران بە ئاشكرا تەحەداكردنی رژێمی كۆنەخوازیی ئێران لە لایەن ژنانەوە دەبینرێت.

بەپێی ئامارەكان بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی لەسەر كوژرانی ژینا هاتنە كایەوە، تا ئێستە 551 كەس كوژراون، لەوانە 68 منداڵ و 49 ژن، هەروەها زیاتر لە 22 هەزار كەس گیراون، لەوانە حەوتیان لەسێدارە دراون و 10 ئەندامی هێزە تەناهییەكانی ئێرانیش كوژراون.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل