وێنەكێشێك: ئەگەر هاوكاریم بكەن كاری جوانتر پێشكەش دەكەم

:: AM:11:46:17/09/2023 ‌
زۆرن ئەوانەی خاوەن بەهرەن و خۆیان لە بواری جیاجیا دەبیننەوە، وێنەكێشێك دەڵێ، بەهەوڵ و توانای خۆی بووە بە وێنەكێش و ئەگەر هاوكاری بکرێ دەتوانێت كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بكەم.

ئەمڕۆ یەكشەم 17 ئەیلوول، دانیار یەحیای وێنەكێش، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی 2011 دەستی كردووە بەم كارە، بەهەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر تا ئێرەی هێناوە كە بتوانێ سەركەوتوو بێت، حەز دەكات پێشانگەی تایبەت بەخۆی بكاتەوە، بەڵام باری دارایی ئەوەندە باش نییە تا بتوانێت پێشانگە بکاتەوە.

ئەو وێنەكێشە دەڵێ، "لە پڕۆژەمدایە ئەو گەنجانەی كە ئارەزووی وێنەكێشان دەكەن، بێ بەرانبەر فێریان بكەم بەپێی توانای خۆم، ئەوە حەزی منداڵیم نییە، هەمووی هەوڵدانی خۆم بووە، لە سەنتەری گەنجان كۆمەڵێك گەنجم بینی كە خەریكی وێنەكێشان بوون، منیش ئەو حەزەم بۆ دروست بوو كە دەست بكەم بەو كارە، بۆیە لە 2011 وە لەناو خەڵكدام و خەریكی وێنەكێشانم، دەمەوێت كارەكەم لە بواری هونەریدا پێش بكەوێت. ئەو حەزە لای من بەهرەیەكی خوداییە و مرۆڤ دەتوانێت بەجوانترین شێوە وێنە بكێشێت، ئەگەر لە هیچ خولێك بەشداری نەكات یاخۆ لە پەیمانگەیەك نەخوێنێت، ئەو بەهرەكەی پێیە".

باسی لەوەش كرد، ئەگەر بتوانن هاوكارم بن، دەتانم تابلۆی جوانتر لەناو ئەم پاركەدا دابنێم، بۆ ئەوەی زیاتر خۆم و هونەرەكەم بناسرێن و هەروەها بۆ پێشكەوتنی شارەكەیشم گرنگە، ئەم جەنگەی من بەتەنیا ناكرێت بۆ پێشكەوتنی شارەكەم.

زیاتر گوتی، ئەو كڕیارانەی روو لە من دەكەن زیاتر گەنجن، وێنەی خۆیان یا خۆشەویستەكەیان دێنن تا وێنەكە بكشێم، بۆ ئەوەی ببێت بەیادگارییەكی جوان و هەمیشە لەلایان بمێنێتەوە، ئەوەی لە توانامدا بووە كاری جوانم كردووە، تا ئێستەش كەس گلەیی لە وێنەكانم نەبووە.


وشە - لاڤین عومەر