لە ئاریشتتگەیەكی سلێمانی چی بۆ ژنان دەكرێ‌؟

:: PM:12:09:17/09/2023 ‌
لە ئاریشتگەیەكی سنووری شاری سلێمانی نوشتە و جادوو بۆ ژنان دەكرێ‌، دوای چوونی لیژنەكانی قایمقامییەت، ئەو ئاریشتگەیە دادەخرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئەیلوول، قایمقامییەتی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی نوشتە و جادووكردنەوە، قایمقامییەتی سلێمانی ئارایشتگەی لارا لە گەڕەكی چوارباخ دادەخات و لیژنەكانیش دەست بەسەر زیاتر لە 33 نوشتە و جادوودا دەگرن.

رێكان جەمال سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی رای گەیاند، بەهۆی بوونی گومان لەسەر ئارایشتگەی لارا كە نوشتە و جادووی تێدا دەكرێت نەك جوانكاری و ئارایشتی ئافرەتان، لیژنە هاوبەشەكان بەدواداچوونیان كردووە، دوای دڵنیابوونەوە خاوەنی ئارایشتگەكە، بەناو مۆڵەتی بۆ پیشەكەی وەرگرتووە، كەچی شوێنەكەی بۆ دروستكردنی نوشتە و جادوو بەكار هێناوە.

زیاتر گوتی، لە كاتی سەردانی لیژنەكە بۆ ئارایشتگەی لارا، دەست بەسەر‌ 33 نوشتە و جادوو لەناو ئۆتۆمبێلی خاوەن ئارایشتگەكەدا گیرا.

رێكان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئارایشتگەی لارا دادەخرێت و خاوەنەكەی رووبەڕووی رێكاری توند دەكرێتەوە، هەروەها مۆڵەتی كاركردنیشی لێ وەردەگیرێتەوە، ‌هەروەها داوا لە ژنان دەكات لە هەر ئارایشتگەیەكدا نوشتە و جادووی تێدا بكرێت، لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد