بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانیی حكومەتی فیدراڵ ئاشكرای دەكات، ناوەڕاستی مانگی داهاتوو كێشەی دەرهێنانی پاسپۆرت و نەبوونی دەفتەر چارەسەر دەكرێت، كردنەوەی چەندان نووسینگەش بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق لە بەرنامەیاندایە.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئەیلوول، نەشئەت خەفاجی بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی و پاسپۆرت ڕای گەیاند، بە هەوڵی وەزیری ناوخۆی عێراق، ژمارەیەكی زۆر لە دەفتەری بەتاڵی پاسپۆرتی جۆری A گەیشتووەتە دەستمان، بۆیە لە هەفتەی داهاتووەوە بەسەر سەرجەم نووسینگەكانی پاسپۆرتی عێراق و هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەیان لە جۆری پاسپۆرتی A تەواو كردووە، بتوانن پاسپۆرتەكەیان چاپ بكرێت و وەریبگرنەوە.
باسی لەوەش كردووە، پاسپۆرتی جۆری Bـی ئەلیكترۆنی لە پارێزگایانەی كە هێشتا سیستمەكەیان پێ نەگەیشتووە، بەردەوامن لەم پرۆسەیە بۆ نموونە ئەم هەفتەیە هەردوو نووسینگەی پاسپۆرتی پارێزگای ئەنبار و دیوانیە دەكرێتەوە.
ئاشكرای كرد، ئەمساڵ ساڵێكی پڕ لە كار دەبێت و چەندان نووسینگەی دەرهێنانی پاسپۆرت لەو شوێنانە دەكرێتەوە، كە تا ئێستە فەرمانگەی دەرهێنانی پاسپۆرتی نییە، دڵنیایشی دا كە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هەموو كێشەكانی دەركردنی پاسپۆرت چارەسەر دەكرێت.
ئێستە بەهۆی كەمیی دەفتەری پاسپۆرت وەرگرتن یان نوێكردنەوەی پاسپۆرت، پێویستی بە دوو مانگ هەیە ئەوەیش هاووڵاتییانی بێزار كردووە.