"پێكەوەبوونی كورد سیاسەتی برسیكردنی بەغدای وەستاند"

:: PM:09:23:17/09/2023 ‌

دواجار بەو كۆدەنگییەی كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەردانی لایەنەكان پێكەوە بۆ بەغدا دروستی كرد، توانرا گرفتی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی پێ بهێنرێت و لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكرێت، ئەوەش بە هەوڵی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت بەغدا مووچە و شایستەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆتاهێنان بەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ فەرمانبەرانی كوردستان و سیاسەتی برسیكردن و دەستی دەستیكردنی بەغدا، لەگەڵ جێگرەكەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدای كرد، داوای كرد چیتر بەغدا ئەو سیاسەتە لەگەڵ خەڵكی هەرێم بەكارنەهێنێت، چونكە شایەنی ئەوە نین و بەدەست ئەو دۆخەوە ماندوون، هاوكات فراكسیۆنە كوردییەكانیش پێشوازی گەرمیان لە شاندی حكوومەت كرد، بۆیە كۆدەنگی و پێكەوەبوونێكی گرنگ لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا دروست بوو.

لەوبارەوە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، لەو كاتەدا كە كۆدەنگیی لایەنەكان لەسەر پرسی مووچە دروست بوو، هەنگاوی گرنگی سەرۆكی حكوومەت ئەوە بوو كە كۆتایی بەو سیاسەتە بێت كە بەغدا بەرانبەر خەڵكی كوردستان جێبەجێی دەكات، بەغدا هەردەم بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ كورد كردووە، بەڵام یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد هەمیشە كۆتایی بە پیلانەكان هێناوە، راستە مووچە و بودجە گرنگە، بەڵام لەوان و لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە كە گشت پیلان و گەلەكۆمە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دژی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەش لەگۆڕ نران.

هەروەها گوتی، ئەوانەشی خەریكی بەخشینەوەی نائومێدی و مژدەی شكست بوون با تا زووە بەدوای بابەتێك و ئاڵایەكی تردا بگەڕێن بۆ گەرمكردنی بازاڕەكەیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێستەوە كاندیدی هەڵبژاردنن و نوێژی جەماعەت و چوونە بازاڕیشیان وەك چالاكی بڵاو دەكەنەوە، ئەوانە هەمیشە نائومێدییان لای خەڵكی دروست دەكرد، چاویشیان لەوە بوو كە قەوارەی هەرێم نەمێنێت، لەوكاتەی شاندی حكوومەت ئەوەی بە هەمووان راگەیاند كە كورد ستەمی وا قبووڵ ناكات و ناكرێ میلەتێك بێ مووچە و برسی بكرێت.

لای خۆیەوە نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كاتی خۆیدا و گرنگ و كاریگەر بوو، بەغدا گرفتی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست كردبوو، لەكاتێكدا رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەت هەبوو، یاسای بودجە لەبەردەم حكوومەت بوو، بەڵام مووچەی فەرمانبەران رەوانە نەدەكرد، بەشێوەیەك بەغدا مووچەی مانگی ئەیلوولی دەدایە فەرمانبەرانی خۆی، بەڵام مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هەرێمی نەناردبوو.

باسی لەوەش كرد، ئەو كۆدەنگی و پێكەوەبوون و یەكهەڵوێستییەی لە بەغدا لە نێوان لایەنەكان دروست بوو، كاریگەری زۆری لەسەر كۆی دۆخەكە و بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی هەبوو، هەركات كورد بەو جۆرە یەكدەنگ و یەكقسە بووبێت، توانیویەتی بەرگری لە مافەكانی بكا و مافی خەڵكی كوردستانیش وەربگرێت، لەسەر بەغدا پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات و پابەندی هەر رێككەوتنێك بێت و گرفت بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دروست نەكات و هەر دوولا پابەندی ئەركەكانی خۆیان بن.

پێوەست بەو بابەتە سەردار سابیر، مووچەخۆر بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا سیاسەتێكی خراپی بەرانبەر بە هەرێم پێڕەو دەكرد، ئەو برسیكردنە كاریگەری خراپی لەسەر هەموو كۆمەڵگە دروست كردبوو، بەتایبەتی چینی مووچەخۆر، هەروەها بازاڕیش بەتەواوی وەستابوو، بەڵام كاتێك كورد بە یەك دەنگ و بە یەك شاند و پێكەوە چوونە بەغدا هەموو شتێك پێچەوانەوە بووەوە، بۆیە ئەگەر ئەو كارە نەكرابوایە بەغدا درێژەی بەو سیاسەتی برسیكردنە دەدا، بەڵام توانرا پێكەوە و بە یەك دەنگ داوای مووچەی فەرمانبەران بكەن و بەغدا ناچار بكەن بە هەر جۆرێك بێت مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، بۆیە كورد هەمیشە پێكەوە جوانن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل