باڵوێزی ئەمەریكا ستایشی هەوڵەكانی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچەوە دەكات

:: PM:11:45:17/09/2023 ‌

دوای ئەوەی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بە رێككەوتن گەیشتن، بەوەی بەغدا بۆ سێ مانگ بڕێك پارە وەك قەرز رەوانە بكات، تا دۆزینەوەی چارەسەرێكی بەردەوام بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ستایسی هەوڵەكانی هەردوو حكوومەتی لەوبارەوە كرد.

ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە تویتێكدا نووسیویەتی، ستایشی هەوڵەكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری بۆ یاسای بودجە و جێبەجێكردنی، وەك بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رەوانەكردنی بڕێك پارە بۆ چەند مانگی داهاتوو.

باڵوێزی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، چاومان لەوەیە هەردوولا لە گفتوگۆكانیان بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوامتر و بەو شێوەی لە بەرژەوەندی تەواوی گەلی عێراقدا بێت.

شایەنی باسە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق چارەسەركردنی تەنگژەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی باس كرد، چەند پێشنیازێكیان خستە بەردەم بەغدا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پێشنیازەكانی ئەو شاندە بڕیاری رەوانەكردنی بڕێك پارەی وەك قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا، تا چەند بڕگەیەكی یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل