چاودێرێك: هەنگاوەكەی مەسروور بارزانی شۆكهێنەر بوو

:: PM:02:02:18/09/2023 ‌
دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا، بڕیاردان لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران، تەواوی هاووڵاتییانی كوردی دڵخۆش كرد، چاودێرێكی سیاسیش دەڵی، ئەو هەنگاوەی مەسروور بارزانی نای، هەنگاوێكی شۆکهێنەر بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 18 ئەیلوول، فەرهاد كاكەیی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ تەواوی كوردستان دڵخۆشكەر و شۆكهێنەر بوو، هەنگاوێكی زۆرباش بوو و دڵخۆشكەر بوو بۆ تەواوی هاووڵاتییان.

ئەو چاودێرە دەڵێ، "ئەگەر سەیری بازاڕ بكەی لە دوای بڕیارەكە، راستەوخۆ كاریگەریی كەوتووەتە سەری، بەماوەی دوو رۆژ بازار گۆڕا لە خانووبەرە، ئۆتۆمبێل، تەواوی بازاڕی رۆژانەش، بازاڕەكە بووژانەوەیەكی بەخۆوە بینیوە، تەنیا بەو هەواڵە كە هەنگاوێكی گرنگی سەرۆك وەزیران بوو ئەنجامی دا".

باسی لەوەش كرد، ئەوە پەیامێكیشە بۆ تەواوی دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەگەر ئێمەی كورد دوژمنی یەكتریش بین لە ناوەوە، لە كێشە نەتەوایەتییەكاندا یەكین، تەواوی كورد مێژوویەكی هەیە نەك بەوان، بەهەزارانی وەك ئەوان و پێش ئەوان لە ناو ناچێت و كورد هەر گەورەتر دەبێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم، دوێنێ‌ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا بە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی بەدواداچوونەكان، ئەمڕۆ نووسراوی ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی دێتە ناردن.


وشە - لاڤین عومەر