سه‌رۆكی حكوومه‌ت رێی نه‌دا نه‌وه‌ی نوێ یاری به‌ هه‌ستی فه‌رمانبه‌ران بكات

:: PM:03:29:18/09/2023 ‌
دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و شاندی حكوومه‌ت له‌ به‌غدا، هه‌روه‌ها كۆده‌نگی و یه‌كده‌نگی لایه‌نه‌كان و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وه‌ی نوێ و فراكسیۆنه‌كه‌ی له‌ به‌غدا له‌ ئاست ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ كوێر بوون و هه‌موو ئه‌و پیلان و هه‌وڵانه‌یان بۆ چه‌واشه‌كاری و به‌لاڕێدابردنی دۆخه‌كه‌ پووچه‌ڵ بووه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ش سه‌رۆكی حكوومه‌ت رێی نه‌دا نه‌وه‌ی نوێ یاری به‌ هه‌ستی خه‌ڵكی بكه‌ن.

كۆده‌نگیی لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی بۆ كوردستان و فه‌رمانبه‌ران هێنا، كاتێك كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، شاندێكی حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی سه‌ردانی به‌غدایان كرد و دواتریش له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی به‌غدا جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ پێشوازییان لێ كرا، هاوكات كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان و یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی كاریگه‌ریی كوردی له‌ به‌غدا ده‌رخست.

ته‌حسین غه‌ریب چاودێری سیاسی، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، راستییه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای موزایه‌ده‌ و چه‌واشه‌كاری و خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك و گه‌وجاندنی خه‌ڵك دروست بووه‌، ئه‌وان كار له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، پێیان خۆشه‌ فه‌رمانبه‌ر به‌ چه‌ند مانگ مووچه‌ وه‌رنه‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان پیلانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وان وه‌ك دز بازاڕی شێواویان ده‌وێت تا ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامی بده‌ن، هه‌موو كاریان چه‌واشه‌كارییه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا ده‌یكه‌ن دژایه‌تیی كوردستان و حكوومه‌ته‌ تا هیچ شتێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت.

فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو داوای مافی خه‌ڵكی كوردستان بكات، له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ریكی موزایه‌ده‌كردنن به‌سه‌ر خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ر
باسی له‌وه‌ش كرد، نه‌وه‌ی نوێ ئیشه‌كه‌ی له‌وه‌دابوو به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ نه‌كات و دواتر میدیاكان و په‌یجه‌ سێبه‌ره‌كانیان، بخه‌نه‌ دژایه‌تیكردن و خه‌ڵك ئاراسته‌ بكه‌ن و ناڕه‌زایه‌تی دروست بكه‌ن، كاتێك بینییان شاندی حكوومه‌ت له‌ هه‌رسێ لایه‌ن سه‌ردانی به‌غدایان كرد و دواتریش له‌ به‌غدا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندی حكوومه‌ت كۆبوونه‌وه‌ و كۆده‌نگی هه‌بوو، ئه‌وان خۆیان جیا كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ سیاسه‌تی نه‌وه‌ی نوێیه‌ كه‌ هیچ كات له‌گه‌ڵ باشبوونی دۆخه‌كه‌ نییه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌میشه‌ ژیانی خه‌ڵك قورس بێت، چونكه‌ كاریان له‌وه‌دایه‌ و نانیان له‌وه‌دایه‌، به‌ڵام كۆده‌نگیی لایه‌نه‌كان وه‌ك میزه‌ڵان هه‌وای نه‌وه‌ی نوێ و فراكسیۆنه‌كه‌ی فش كرده‌وه‌ كه‌ به‌نیاز بوون بڵاوی بكه‌نه‌وه‌.

ئیبراهیم میرزا مامۆستا، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، كاتێك شاندی هاوبه‌شی لایه‌نه‌كان رۆیشتنه‌ به‌غدا، دواتر له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی به‌غدا پێكه‌وه‌ دانیشتن و باسیان له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كرد، ئه‌مه‌ كۆده‌نگیی دروست كرد، پێكه‌وه‌ داوای مافی خه‌ڵكی كوردستانیان كرد، به‌ڵام فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو داوای مافی خه‌ڵكی كوردستان بكات، له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ریكی موزایه‌ده‌كردنن به‌سه‌ر خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ر، ئه‌وان خۆیان جیا كرده‌وه‌، به‌ڵام دۆڕان و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیان ده‌كرد به‌و جۆره‌ نه‌بوو، یه‌كده‌نگیی كورد وه‌ڵامی به‌غدا و پیلانه‌كانی نه‌وه‌ی نوێشی دایه‌وه‌.

یادگار مه‌حموود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، پێكه‌وه‌ كاركردنی لایه‌نه‌كان و یه‌كده‌نگیی لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا سه‌نگی كوردی به‌رانبه‌ر به‌غدا پێشان دا، كورد جارێكی تر به‌ یه‌كده‌نگی پێشانی هه‌مووانی دا كه‌ ده‌توانێت به‌رگریی له‌ مافه‌كانی بكات، ده‌ستكه‌وته‌كانی بپارێزێت، ئه‌و پێكه‌وه‌بوونه‌ی شاندی حكوومه‌ت و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا، زۆر كه‌سی تووشی سه‌رئێشه ‌كرد، زۆریش پیلانه‌كانیان پووچه‌ڵ بوون كه‌ هه‌میشه‌ موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی حكوومه‌ت كۆده‌نگی دروست كرد له‌ پێناو میله‌ته‌كه‌ی، لایه‌نه‌كانیش به‌ده‌مه‌وه‌هاتنیان هه‌بوو، دواتر ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌غدا بڕیاری ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دا.

جێی باسه‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، شاندێكی حكوومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی، سه‌ردانی به‌غدایان كرد له‌باره‌ی مووچه‌ و مافی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی به‌غدا جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ، پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێم كرا و كۆده‌نگیی لایه‌نه‌كان دروست بوو له‌سه‌ر مافی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وه‌ش وایكرد حكوومه‌تی عێراق بڕیاری ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات.

وشه‌/ تایبه‌ت



وشە - تایبه‌ت