وەزیری دەرەوەی عێراق چارەنووسی حزبەكانی رۆژهەڵات ئاشكرا دەكات

:: PM:07:08:18/09/2023 ‌

بڕیارە سبەی 19ی ئەیلوول وادەی ئێران بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی كە لەبارەی بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات لەگەڵ عێراقی واژوو كردووە كۆتایی بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە وەك پەناخواز مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبانە كراوە و بۆ پێنج كەمپ دەگوازرێنەوە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرك لە ئەمەریكا لە میانی بەشداریكردنی لە كارەكانی 78مین خوڵی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، وەڵامی ژمارەیەك پرسیاری ئاژانسی "ئەنەدۆڵۆ"ی دایەوە، دووپاتی كردەوە كە چاوەڕوانی سەردانی سەرۆكی توركیا دەكەن، دووپاتی كردەوە كە دەستووری عێراق رێگە بە چالاكیی نەیارییانەی هیچ گرووپێك لەسەر خاكی عێراق دژ بە وڵاتانی تر نادات.

لەبارەی سەردانی چاوەڕوانكراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق، حوسێن گوتی، چاوەڕوانی سەردانەكەین، پێوەندی هەردوو وڵات باشە و سەردانەكە باشتر و بەهێزتری دەكات، دوو خاڵی سەرەكی هەن، یەكەم ئێستە عێراق ناتوانێت نەوتەكەی لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكات، دووەمیش پێوەستە بە بڕیارەكەی دادگەی پاریس كە توركیا لێی رازی نییە، بۆیە پێویستمان بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەشە بۆ ئەو بابەتانە.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە یەكێك لە بژارەكان، جیاكردنەوەی ئەو دوو بابەتەیە، یان دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاوە بۆ هەردوولا، چونكە مانەوەی بۆرییەكە بەداخراوی بۆ عێراق زەحمەتە و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بەتایبەتی كە ئێستە نرخی نەوت زۆر هەڵكشاوە، ئەوەش واتە عێراق و هەرێم زیانی گەورەی دارایی دەكەن.

لەبارەی هەڕەشەكانی ئێران و چارەنووسی حزبەكانی رۆژهەڵات، حوسێن روونی كردەوە، رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی لە نێوان بەغدا و تاران هەیە، هاوكاریش لە نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حزبانە هەیە، حكوومەتی هەرێم بە هاوكاریی حكوومەتی عێراق توانیویەتی قەناعەت بە ژمارەیەك لەو حزبانە بكات بۆ چۆڵكردنی بارەگەكانیان و گواستنەوەیان بۆ پێنج كەمپ، كە بۆ ئەو مەبەستە دروست كراون، دووپاتی كردەوە كە وەك پەناخواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، ئاشكراشی كرد كە بە خۆشحاڵییەوە توانیمان لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هێرشەكان بوەستێنین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل