سبەی دوایین وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی لە نێوان بەغدا و تارانن و ئێران دەڵێت وادەكە درێژ ناكەنەوە، حكوومەتی عێراق بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێم زۆرینەی رێوشوێنەكانی رێككەوتنەكەی جێبەجێ كردووە، بە دوورخستنەوەی بنكە و بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات لە سنوورەكانی ئێران و داماڵینی چەكی ئەوان، سەرچاوەیەك زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم ناسڕ كەنعانی، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە سبەی دوا وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهییە لەبارەی حزبە كوردییەكان لەگەڵ بەغدا، ئەو هیوا و گەشبینی خۆی بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆی دووپات كردەوە، كاتێك ژمارەیەك بارەگەی ئەوان چۆڵ كراون و ئەندامانیان بۆ شوێنێكی دوور لە سنوورەكانی ئێران گوازراونەتەوە، هەندێك هەنگاویش لە جێبەجێكردندان، سبەی وادەكە كۆتایی دێت و دوای ئەوە دۆخەكە هەڵدەسەنگێنین ئاخۆ عێراق هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ كردووە یان نا.
لە هەینی رابردووەوە عێراق یەكەم هەنگاوی كردەنیی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ تاران دەست پێ كرد، بە چۆڵكردنی بارەگەی ئەو حزبانە،
بەرپرسێكی باڵای فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنوور لە بەغدا ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ هێزی زیاتری سەربازی گەیشتووەتە پشتێنەی سنووری لەگەڵ ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی چۆڵكردنی بنكە و بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات لەو پشتێنەیە.
روونی كردەوە، لەو قۆناغە كاركردن بۆ چۆڵكردنی 20 كیلۆمەتر لە ناوچە سنوورییەكانی نزیك لە ئێران لە بوونی چەكداری ئەو حزبانە بەردەوامە، هاوكات هەندێك لەو حزبانە چەك و تەقەمەنییەكانیان رادەستی هەولێر و بەغدایان نەكردووە و تەقاندوویانەتەوە، دووپاتی كردەوە، هاوكارییەكی باش لە نێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگە هەیە.
"چۆڵكردنەكە و گواستنەوەی بنكە و بارەگە و ئەندام و خێزانەكانی سەر بەو حزبانە بەردەوامە و هەوڵی چارەسەركردنی بابەتەكە بە هێواشی دەدەین، ئێرانییەكانیش رازی بوونە كە بابەتەكە بە قۆناغ بەڕێوە بچێت، بەو مەرجەی سنوورەكانیان لە بوونی چەكداری ئەو حزبانە پاك بكرێتەوە"، بەرپرسە باڵاكەی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراق وای گوت.