"سەرۆك وەزیران رێگەی نەدا سەقامگیریی هەرێم تێكبچێت و فەرمانبەران بێ مووچە بن"‎

:: PM:09:08:18/09/2023 ‌

جارێكی تر مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم توانی بەربەستەكان بشكێنێت و رێگە بە هەوڵەكان نەدا بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بێمووچەكردنی فەرمانبەران، هاوكات هەموو پلان و بەرنامەیەكی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان داڕشت و  كۆدەنگی و تەبایی بۆ چوونە بەغدا و مسۆگەركردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دروست كرد.
 
پسپۆڕ و نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە چوونی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكدەنگی و تەبایی لەسەر دەستی سەرۆكی حكومەت بۆ بەغدا و رەوانەكردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران، جێی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە و هیچ كات نابێت هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی ببن، چونكە كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە و سەرۆكی حكوومەت هەموو قۆناغە سەختەكان تێدەپەڕێنێت.

د. میدحەت سلێمان، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، چوونی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنیان لە گفتوگۆ و ناردنی بەشە مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات لەپێناو خەڵكیدا كاری باشی كردووە بۆ ئەوەی سوودیان پێ بگەیەنێت.

زیاتر گوتی، دەبێت لەمە بەدواوە هەموو لایەنەكان كار بۆ پێكەوەیی و یەكدەنگی بەرانبەر بە بەغدا بكەن، هەموو كات بە تەبایی بچنە ناو گفتوگۆ لەسەر مافی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، یەكدەنگیشیان مایەی شانازی و دڵخۆشكردنی خەڵك بوو، پێویستە ئەمەش ببێتە هەوێنی یەكڕیزیی هەمیشەیی، بۆ ئەوەی چیتر ناحەزان نەتوانن لە ناوخۆدا پەرتەوازەمان بكەن و دژی هەرێمی كوردستان هانمان بدەن.

ئەو چاودێرە سیاسییە روونی كردەوە، دەبێت بەغدا سیاسەتەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان روونتر و ئاشكرا تر بكات و شایستەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری بنێرێت، چونكە ناكرێ مافی خۆمان وەك قەرز وەرگرین، هەروەها بە زووترین كات دەستكاری و هەمواری یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی كوردستان بكرێت.

"ئەگەر كورد ئاوا تەبا و یەكدەنگ بێت، بێگومان دەتوانێت رووبەڕووی هەموو بەربەست و ئاستەنگەكان بێتەوە، دەتوانرێت بە یەكدەنگی كۆتایی بە هەموو ئەم ستەمانە بهێنرێت كە لە كورد دەكرێت، بەرانبەر بەغداش پێویستە چیتر سازشی زیاتر نەكەین و هەموو بڕیارێك بە یەكدەنگ بدرێت، ئەگەر پاشەكشەكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراقیش بێت، چونكە دەتوانین بە داهاتی ناوخۆ و داهاتە جیاوازەكانی تر خۆمان بژیێنین و داهاتووی خۆمان بنیات بنێین، بۆیە توانای سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر لەوە زیاترە كە مووچە و پارەی فەرمانبەران دابەش بكرێت، كاری گەورەی كردووە و لە داهاتووشدا پلانی گەورەی بۆ خزمەتكردن هەیە، بەڵام ئێستە دۆخەكە نەخوازراوە و بەم جۆرەی لێهاتووە، بۆیە دەبێت بە هەمووانەوە هاوكار و پشتیوانی كابینەكەی بكەین بۆ سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتر،"، د. میدحەت سلێمان وای گوت.

هاوكات د. تەرزە محەمەد، نووسەر و چاودێری سیاسی بە"وشە"ی گوت، مەسروور بارزانی بە سیاسەتی حەكیمانە و ئیرادەی پۆڵاین و هێزی لەبن نەهاتووی، توانی هەموو ئەو بەربەستە ئابووری و گرژی و قەیرانانە تێپەڕێنێت كە بە پلانی ناوخۆیی و دەرەكی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دانرابوون، بۆیە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە ناحەزان بە هەموو شێوەیەك كەوتنە دژایەتیكردنی، بەڵام ئەو وەك كێوێكی خۆڕاگر و پشوودرێژ و بەهێز بوو، هەموو كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی تێكشكاند و نەیهێشت ناحەزان زەفەر بە هاووڵاتییان و خاكی كوردستان ببەن.

روونی كردەوە، گەر بە درێژایی مێژوو ئاوڕێك لە حكومڕانییە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بدەینەوە هەر لە سیستمی پاشایەتی و كۆماری و وفیدراڵیش، هیچ كات ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان نەبڕیوە و دەستكاری نەكردووە، لەكاتێكدا هەزاران هاووڵاتی كوردیان ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید كردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم حكوومەتەی عێراق دەستی بۆ قووت و نان و مووچە و شكۆی هاووڵاتیانی كوردستان برد و ستەمی لێیان كرد.

"مەسروور بارزانی، ئەو سەركردە گەنج و كاریزمایەی حوكومڕانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە سەرەتایی دەستبەكاربوونییەوە تا ئێستە، بەڵێنی بە خەڵك دا كە لەپێناو بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتییانی هەرێم تێدەكۆشێت، كارەكانی دۆست و نەیارانی لە دنیا سەرسام كرد، لە ماوەیەكی كەمدا توانی ئەم قۆناغە دژوارە تێپەڕێنێت، گفتوگۆ و یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانیش وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو كەسانە بوون كە چاوەڕوانیان دەكرد كوردستان لەناو بچێت و فەرمانبەران دژی حكوومەتی خۆیان خۆپێشاندان بكەن، بەڵام ئەو لە كاتێكی كەم ئەم قۆناغە سەختەی تێپەڕاند"، د. تەرزە محەمەد وا دەڵێت.

ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە دووپاتی كرەوە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان لەوە تێبگەن كە هەر هەنگاوێك دەنێن دەبێت ئەوەیان لا روون بێت كە سەرۆكی حكوومەت پەروەردەی قوتابخانەی بارزانی نەمرە، كە بۆ سەركەوتن بەسەر هەموو ئاستەنگ و كێشەكاندا و گەیشتن بە لووتكە، كاتی زۆریان ناوێ و بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە سەر دەكەون، بۆیە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكان لای سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت بەئاسانی تێدەپەڕێ و دەگەن بە ئامانج، بۆیە نابێت هیچ كات هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە دۆخە سەختەكاندا نیگەران و هەراسان بن. 

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل