عێراق كێشە بۆ جووتیارانی كوردستان دروست دەكات و دەرگای كردەوە

:: PM:12:08:19/09/2023 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ عێراق هەیە بۆ قەدەغەی هاوردە، بەڵام تاكلایەنە دەرگای كردووەتەوە ڕێ بە هەناردەی تەماتە دەدات.

ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن جووتیارانی پێنجوێن خۆپێشاندانە، هۆكاری خۆپێشاندانەكەیان هەرزانبوونی تەماتە و رێدانە بە بەرهەمی دەرەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە لە پێناوی پاراستنی بەرهەمی جووتیاران، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەی پێنجوین و پارێزگای هەولێر و دهۆك و ئاكرێ كە ئێستە بەڕێژەیەكی زۆر بەرهەمیان پێگەیشتووە، بەتایبەت بەرهەمی تەماتە و پەتاتە و خەیار كە پێویستی بە بازاڕكردنە، ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بەپێی (ڕۆژمێری كشتوكاڵی) پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران دەكەین.

زیاتر گوتی، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان، باجمان لەسەر بەرهەمی هاوردە داناوە لە مەرزەكانەوە، بەتایبەتی بەرهەمەكانی تەماتە و خەیار و هاوردەی بەرهەمی پەتاتەمان قەدەغە كردووە، ڕێككەوتنمان لەگەڵ  وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كردووە لە (15/8/2023) بۆ مەبەستی یەكخستنی ڕۆژمێری كشتوكاڵی و پارێزگاری لە بەرهەمی جووتیاران لە نێوان هەردوولادا.

باسی لەوە كرد، بەداخەوە پابەندبوون نابینن لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدراڵ، دوای ئەوەش ڕێككەوتوون لەسەر یەكخستنی ڕۆژمێری كشتوكاڵی، بەڵام بەبێ ڕەچاوكردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، هاوردەكردنی بەرهەمەكانیان كردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی بەپێی ڕێككەوتنەكەیان بێت، دەبێت بەهاوئاهەنگی هەردوو وەزارەت و بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران، بڕیار لەسەر هاوردەكردنی هەر جۆرە بەرهەمێك بدرێت.

ئەوەشی باس كرد كە ئێستە بۆ پشتگیریی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بڕیارمان دا بە ڕێنەدان بە هاتنی بەرهەمی هاوردە بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە بازگەكانەوە، بە مەبەستی پاراستنی مافی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ.



وشە - رامیار جەواد