داوایەك لە فراكسیۆنەكانی بەغدا دەكرێ‌

:: PM:01:16:19/09/2023 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە، داوایەك لە فراكسیۆنەكانی بەغدا دەكات كە بچنە هۆڵی پەرلەمان و دەنگ بدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول، لە راگەیەنراوێكی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، داوا لە فراكسیۆنە سیاسییەكان دەكەم هەڵوێستی پشتیوانی و مرۆیی و نیشتمانییان هەبێت، بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق كە لە خشتەی كارەكانی دانیشتنی پەرلەماندا بووە.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت، هیوادارین پەرلەمانتارەكان پاڵپشتیی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكەبكەن، وەك پێشاندانی رێز و گێڕانەوەی ماف بۆ خەڵكی هەڵەبجەی شەهید كە قوربانییەكی گەورەیان پێشكەش كردووە و رووبەڕووی قێزەونترین جۆرەكانی تاوان و لەناوبردنی بە كۆمەڵ بوونەتەوە، لەسەر دەستی بەعسی شۆڤێنیی گۆڕبەگۆڕ و بۆردمانكردنی هاووڵاتییانی بێتاوان بە چەكی كیمیایی قەدەغەكراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری لەناوچوو.

لە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شاری هەڵەبجە، هەروەها بەهۆی ئەو قوربانی و زیانە مادی و مرۆیی و ژینگەییە گەورەی لە هێرشی كیمیایی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەكە كەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەكە بكرێتە پارێزگا.

لە مادەی دووەمی پڕۆژەیاساكەشدا هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سنوور و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكە دیاری دەكات.

پاش ساڵانێك لە دواخستن و فەرامۆشكردنی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، ڕۆژی 13 ی ئاداری 2014، بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، هەڵەبجە كرایە پارێزگا.

دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ساڵی 2015ـەوە چووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق‌، كە ئەوكات نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو و بڕیارەكە كاری پێ نەكرا‌؛ لەم چوارچێوەیەدا حكوومەتی هەرێم بەردەوام داوای لە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق كردووە بڕیار لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوارچێوەی پارێزگاكانی عێراق بدات، بۆ ئەو مەبەستەش لە كابینەی نۆیەمدا بەردەوام لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لێ كراوەتەوە.

پارێزگای هەڵەبجە دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە، لە چوار شارەدێی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێك هاتووە و لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا. شاری هەڵەبجە مەڵبەندی هزر و ڕۆشنبیری بووە؛ لە 16 ی ئاداری 1988، حكوومەتی بەعس لە هێرشێكی دوژمنكارانەدا، بە چەكی كیمیایی پەلاماری دا و پێنج هەزار كوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزارانی تریش بریندار و پەككەوتە بوون.



وشە - رامیار جەواد