دوێنێ دووشەم درۆنێك فڕۆكەخانەی عەرەبەتی لە رۆژهەڵاتی پارێزگەی سلێمانی بۆردمان كرد، بەو هۆیەوە ژمارەیەك كارمەندی دژەتیرۆری یەكێتی و ژمارەیەك ئەندامی پەكەكە بوونە قوربانی، شارەزایەكی تەناهی پێی وایە بۆ بنەبڕكردنی ئەو هێرشانە دەبێت سەركرایەتی یەكێتی دەست لە پاڵپشتیكردنی پەكەكە هەڵبگرێت.
سەعد عەوادی، شارەزای تەناهی عێراقی دەڵێت، بوونی فرەسەرچاوەیی بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە هۆكارەكانی نەگەیشتن بە دانانی نەخشەرێگەیەك بۆ چارەسەركردنی بابەتی بوونی حزب و گرووپە كوردییەكانی ئێرانی و توركیا لە هەرێمی كوردستان.
روونی كردەوە، پێویستە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتییەكەی لە نێوان بێلایەنی و پاڵپشتینەكردنی پەكەكە یان قبووڵكردنی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەكانیان هەڵبژێرن، چونكە تورك و ئێرانییەكان سنوورێكی چۆڵیان لە حزبە چەكدارەكان دەوێت.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە شێوازی ئیدارەدان و مامەڵەكردنی هەولێر بۆ ئەو دۆسیەیە زۆر لەوەی سلێمانی دەیكات باشترە، كە یەكێتی پێوەندی تا ئاستی پاڵپشتی و هاوئاهەنگیی سەربازی لەگەڵ هەسەدە و پەكەكە هەیە، ئەوەش وای كردووە ببێتە نەیار بۆ هێزەكانی توركیا، كە وا مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە دەكات وەك مافێكی بەرگری لەخۆكردن نەوەك هێرشی سەربازی.
دوای هێرشەكەی دوێنێ تا ئێستەش زانیاری زیاتر لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەبێت، سیاسەتوانێكی كورد دەڵێت، ئەو فڕۆكەخانە مەدەنی نەبووە و چالاكیی تەناهی و پێوەست بە هاوئاهەنگی لە نێوان یەكێتی و پەكەكەی تیادا ئەنجام دراوە، بۆیە ئەو هێرشەی كراوە كردەیەكی هەواڵگری بووە.
سەرچاوەیەكی تەناهیش دەڵێت، هێرشەكە پێگەیەكی لە فڕۆكەخانەكە كردووەتە ئامانج كە پەكەكە درۆنی بۆمبڕێژكراوی تیادا ئامادە كردووە، بۆیە هێرشەكە دوای سەعاتێك لە گەیشتنی ئەو گرووپەی پەكەكە ئەنجام دراوە، بەو هۆیەشەوە شەش كارمەندی دژەتیرۆری سەر بە وەهاب هەڵەبجەیی و سێ ئەندامی پەكەكە كوژراون، ئەو فڕۆكەخانە ماوەیەكە چالاكیی تەناهی بەخۆیەوە دەبینێت.