چۆن دەزانی دەمەوانەكانی دڵ كێشەیان هەیە؟

:: PM:07:35:19/09/2023 ‌

رەنگە مرۆڤ لە كاتی ماندووبوون یان وەرزشكردن و بەجێگەیاندنی ئەركێكی جەستەیی، لێدانی دڵی خێرا بێت و هەست بە لێدانی دڵی بكات، ئەوە شتێكی ئاساییە، بەڵام بەهۆی گرنگیی تەندروستی دڵ و لوولەكانی خوێن، پێویستە مرۆڤ وریای دەركەوتنی هەر نیشانەیەكی نائاسایی بێت، كە رەنگە ئاماژەیەكی نەرێنی بێت بۆ سەر تەندروستی دڵ.

دەكرێ دروستبوونی ئازار لە سنگ یان هەناسەتەنگی دوو نیشانەی تووشبوون بن بە نەخۆشییەكانی دڵ، بەڵام هەندێك كەس بەر لە دەستنیشانكردنی تووشبوونیان هیچ جۆرە نیشانەیەكیان نییە، یان هەست بە نیشانەی تر دەكەن، لەوانە گوێبیستبوونی دەنگی لێدانی دڵ لەو كاتەی هەست بە خەواڵویی دەكەن و سەر دەخەنە سەر سەرین.

د. مایكل میلەر، مامۆستای پزیشكی دڵ و لوولەكانی خوێن لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی مێریلاند دەڵێت، دەكرێ هەندێك لە نەخۆشانی دڵ لەوانەی كێشەیان لە دەمەوانەكانی دڵیان هەیە، لە كاتی دەیانەوێ بخەون گوێیان لە دەنگی لێدانی دڵیان ببێت.

هەروەها زیادبوونی لێدانی دڵ لە كاتی ئاسایی، واتە ئەنجامنەدانی هیچ ئەركێك، نیشانەیەكە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن یان رێژەی شەكرەی خوێن یان كەمخوێنی یان وشكهەڵگەڕان یان بەهۆی كاریگەریی لابەلای هەندێك جۆر دەرمان، بۆیە ئەگەر مرۆڤ هەستی بەوانە كرد پێویستە سەردانی پزیشك بكات.

دڵ چوار دەمەوانەی هەیە، ئەگەری هەیە ئەوان تووشی كێشە ببن و كێشەكانیش دوو جۆرن، یەكەم/ تەسكبوونی دەمەوانەكان، واتە بێتواناییان لە پاڵنانی خوێن و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دڵ، كە وا دەكات پێویست بە گوشاری زیاتر بكات بۆ گەیاندنی خوێن تا ئاستێكی ئاسایی، دووەم/ خاوی و فرەوانبوونی دەمەوانەكان، واتە ئەوكاتەشی كە دەمەوانەكان رێگری لە رۆیشتنی خوێن دەكەن، خوێن هەر دەڕوات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل