"پەكەكە لەناو یەكێتی گەشەی سەندووە و هۆكاری نائارامیی سلێمانی و هەرێمی كوردستانە"

:: PM:09:15:19/09/2023 ‌

پەكەكە بەتەواوی دەستی خستووەتە ناو كاروباری سلێمانی و بووەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییانی، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان، ئەوەش ترس و تۆقاندنی دروست كردووە، ئەو دەستێكەڵكردنە لەگەڵ پەكەكە سەقامگیریی سنوورەكەی خستووەتە ژێر مەترسی گەورەوە، چونكە بە بەردەوام درۆن بەسەر سلێمانی دەسووڕێتەوە و بۆردمانی ناوچە سنوورییەكان دەكات، چاودێرێكی سیاسی ئاماژە دەكات، دەسەڵاتی پەكەكە لە سلێمانی لەفراوانبووندایە و خەریكی جێبەجێكردنی بەرنامە و پیلانەكانیەتی.

لەوبارەوە كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی لایەنی بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەریی هەرێم، دەسەڵاتی عێراقە، بەڵام عێراق لەو رووەوە هیچ بونێكی نییە و بۆشاییەكی گەورە لەوبارەوە هەیە، ئەو دەستكراوەیەی كە پێویستە هەرێمی كوردستان هەیبێت و بەرگری لە خۆی بكات رێگەپێدراو نییە، بگرە لەكاتی شەڕی داعش هاوكاری سەرەتایی هەرێم و  پێشمەرگەیان نەدەكرد، لەوەش خراپتر پەكەكە و ئەو گرووپانەی كە لە ناوچەكە هەن لەگەڵ ئەوانەی سەر بەو گرووپە چەكدارییەن.

هەروەها گوتی، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراق، لەوكاتەی هەنگاوەكانی پەكەكە گوماناوین، دیارە سپۆنسەری عەقلیەتی ئەو بابەتە بەوە دەگوازرێتەوە كە كوردانی رۆژهەڵات لەو سنوورانەی دەگوازرێنەوە، لەبری ئەوەی سنوورەكان بدرێن بە پاسەوانی سنوور یان هێزی دیاریكراو كە پێشمەرگەیە، پەكەكە دەیەوێ رووبەڕووی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور بێتەوە، بۆیە پەكەكە تەنیا لە شاخ نا، بەڵكو لەناو رێكخستنەكانی یەكێتی گەشەی سەندووە و كاری كردووە، پەكەكە هۆكاری ناسەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی كوردستانە، لە باكوریش هۆكاری پاشەكشەی دۆزی رەوای كوردە.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە دەكات، پەكەكە نەك تەنیا لە باكور، بگرە لە رۆژئاوا و هەرێمی كوردستانیش ناسەقامگیری دروست دەكات، لە سلێمانی پیلانەكانیان جێبەجێ دەكەن و ریكخستنەكانیان كار دەكەن، دەستیان لەگەڵ سنوورەكە تێكەڵ كردووە، بەڵام لە رۆژهەڵات بونی نییە و ئەوەش ئاشكرایە دەستی ئێرانە و سنوورەكانی دەپارێزێت، هاوكات پەكەكە هۆكاری تیرۆرە لە كوردستان و تیرۆری فیكری و جەستەیی ئەنجام دەدات، لەوكاتەی هەرێم خاوەنی حزب و دەسەڵات و كەسی سەربەخۆیە و پێویستی بە پەكەكە نییە.

"دەسەڵاتەكانی پەكەكە لە سلێمانی لەفراوانبووندایە و بەردەوام گەرا دادەنێت، خەریكی فراوانكردنی بەرنامە و پیلانەكانیانن، لە شنگال هۆكاری ناسەقامگیرییە، هەموو ئەو پیلانانەشی بۆ پەلكێشكردنی توركیایە بۆ ناو خاكی هەرێم، بۆیە عەقلیەتی پەكەكە لەگەڵ كوردایەتی ناگونجێت، ئەو بۆردمانانەشی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كرا، ئەوەمان پێ دەڵێت كە لەژێر ئەو خێمەیە چەكداری بیانی تێدا بووە، بۆیە كەسێكی وەك خەزعەلی ئیدانەی كرد"، كاوە ئەحمەد وای گوت.

بەرپرسێكی حزبی سنوورەكە لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، ئەندامانی پەكەكە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەئازادی هاتوچۆ دەكەن، رێكخستنەكانیان لە نێوان سلێمانی و پێنجوێن و شارباژێر، رۆژانە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن و بەرپرسەكانیان لە سلێمانییەوە دەچنە شارباژێر و پێنجوێن، بەئاشكراش بە چەكەوە هاتوچۆ دەكەن و هێزە تەناهییەكانی سنوورەكە و ئیدارە و پارێزگە لەوبارەیەوە هیچ هەڵوێستێكیان نییە، بەئاشكرا لەناو چوارتا لە شارباژێر سەرانە لەو كەسانە وەردەگرن كە لە سنوورەكان كاری كۆڵبەری دەكەن.

پێشتریش، كامەران حەسەن قایمقامی شارۆكەی ماوەت لە شارباژێر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەندامانی پەكەكە گوێ بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناگرن، ئەوان لە سنوورەكە هەن و مەترسییان لەسەر هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان دروست كردووە، قسەیان لەگەڵ ناكرێ و كاری خۆیان دەكەن، چەندانجاریش پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بۆردمان و مەترسییەكانی درۆن و بوونی ئەوان لە ناوچەكە و وەزارەتی ناوخۆش ئاگەدار كراونەتەوە.

هەر لەوبارەوە سەربەست سەلیم، هاووڵاتییەكی ناوچەكە بە "وشە"ی گوت، بەهۆی ئەو جموجۆڵانەی پەكەكە لە سنووری سلێمانی، هەر كاركردنی رێكخستنەكانیان لە سنوورەكە، بەتەواوی سلێمانی خراوەتە ژێر رەحمەتی درۆن و درۆن دەسووڕێتەوە و لەهەر كات و ساتێكدا بۆردمان دەكات، خەڵكی مەدەنیش پێوە دەبن و كارەسات و ماڵوێرانی بۆ خەڵك دێنێت، بۆیە ئەگەر پەكەكە لە سنووری سلێمانی نەبێت، توركیا و درۆنی وڵاتان چی دەكەن، بۆیە پەكەكە تەنیا مەترسییە لەسەر ناوچەكە و هەرێم بەگشتی، ئەوان دەسەڵاتییان لە سنووری سلێمانی فراوان بووە و رەنگە ئەو بابەتە لە كۆنترۆڵ دەرچووبێت و چارەسەر نەكرێت.

"لە سنووری شارباژێر بە ئاشكرا هاتوچۆ دەكەن و خەڵكیش ناوێرن بە رۆژ بچنە ناو رەزەكانیان، بەردەوام درۆن بە ئاسمانی شارەكە دەسووڕێتەوە و بە ئاشكرا دێت و دەچێت و چاودێری دەكات، بۆیە خەڵكی سنوورەكە لە ترسی بۆردمان ناوێرن لە رێگەدا كەس سەربخەن و لەگەڵ هیچ ئۆتۆمبێلێكیش سەر بكەون، بۆیە هەر بۆردمانێك لە سنووری سلێمانی بكرێت، ئەوە بزانە پەكەكە لەو شوێنە بووە و پلان و كاریان هەبووە"، سەربەست سەلیم وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت