سەندیكا پزیشكانی كوردستان لەبارەی ئەوە پزیشكێكی هەولێر پێیان گوتووە ئەگەر بڵێی قسەكانم رادیۆ بوو، ئەوا سزات نادەین، روونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول، لە روونكردنەوەیەكی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی هەولێردا هاتووە، لە ماوەی رابردوودا پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە شاری هەولێر بە ناوی د. دلێر شینە، چەند هەڵسوكەوتێكی دوور لە ئاكار و ڕەوشتیی پزیشكی ئەنجام دا و بووە مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی پزیشكان و هاووڵاتییان، بۆ ئەم مەبەستە سەندیكای پزیشكانی كوردستان وەك ئەركی خۆی لە پاراستنی بەهای بەرزی پیشەی پزیشكی، لیژنەیەكی باڵای پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە.
باس لەوەش كراوە، لەژێر رۆشنایی یاسای سەندیكا و یاسا و رێنوێنییە بەركارەكان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان. دوای ئەوەی كە دەركەوت دكتۆر دلێر لە چەند ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان جگە لە تەشهیر بە پزیشكی تر، گوتەی نەشیاو و دوور لە ئاكاری پزیشكی و بەكارهێنانی هۆڵی نەشتەرگەری وەك سەكۆیەك بۆ پڕوپاگەندە و مەرامی تر و بەدەر لە بەها مرۆییەكان، لیژنەی لێكۆڵینەوە بڕیاری سزادانی دەركرد.
ئاشكرا كراوە، لیژنەی باڵای دوای پێداچوونەوە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، سەرەڕای بڕیاری سووككردنی سزاكان، بەوپەڕی ڕێزەوە بڕیارەكانی ئاراستە كرا، بەڵام بەداخەوە پزیشكەكە لە ڕێی پەیامە چواشەكارییەكانیەوە، دەیەوێ هەست و سۆزی هاووڵاتییان بۆ خۆی رابكێشێ و لە ژێر ناوی كاری خێرخوازی، هەڵەكانی خۆی پەردەپۆش بكات و نەچێتە ژێرباری یاساوە! لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە بڕیارەكانی لیژنە و ئەنجوومەنی باڵا، پیشەیی و یاساییە و خۆی واژووی كردووە كە بەهەموو بڕیارێكی لیژنە ڕازی دەبێت، بۆیە هەموو گوتەكانی لەمبارەیەوە رەت دەكەینەوە.
دوێنێ دكتۆر دلێر شینە بڵاوی كردەوە كە سەندیكا پێیان گوتووە ئەگەر بێت و بڵێیت قسەكانم رادیۆ بوو، ئەوا سزات نادەین و لێت خۆش دەبین.