هەوڵی لادانی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەدرێت.. دۆلار سەری عەلاق دەخوات؟

:: PM:06:04:21/09/2023 ‌

لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەو وڵاتە كەوتە ناو سیستمی سویفت بۆ حەواڵەی دەرەكییەوە، واتە پاككردنەوەی مامەڵە داراییەكانی بانكی ناوەندی عێراق لە حەواڵەی رەشی دۆلار، بانكی ناوەندی عێراق چەندان رێوشوێنی وەرگرت، بەڵام نەیتوانی كۆنترۆڵی حەواڵەی رەش و قاچاخی دۆلار بكات، ئەوەی كردی رێگرتن بوو لە داڕووخانی نرخی دینار و كەرتی دارایی عێراق، ئێستەش لە پەرلەمان هەوڵێك بۆ لادانی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دەستی پێ كردووە.

باشترین بەڵگە لەسەر شكستی هەوڵەكانی بانكی ناوەندی عێراق ئەوەیە تا ئێستە جیاوازییەكی گەورە لە نێوان نرخی فەرمی فرۆشتنی دۆلار و نرخەكەی لە بازاڕەكان هەیە، ئەگەر بانكی ناوەندی تۆزێك دۆلار بگرێتەوە، نرخی دۆلار تا ئاستێكی زۆر هەڵدەكشێت، كە ئێستە بانكەكە رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، كە چی نرخی دۆلارێك لە دەوروبەری 1550 دینارە. 

دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق دووپاتیان كردەوە كە ئەو هەڵبەز و دابەزینەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان دەخەنە ئەستۆی پارێزگاری بانكی ناوەندی، بۆیە لە پەرلەمان هەوڵی كۆكردنەوەی واژوو دەدەن بۆ لادانی لە پۆستەكەی.

ئەحمەد مەجید، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی، هەڵكشانی نرخی دۆلار زیانی بە هەموو كەرتەكانی دەوڵەت و ئابووری عێراق گەیاند، بەتایبەتی ژیان و بژێوی توێژی هاووڵاتییە هەژارەكان، ئاشكرای كرد كە ساختەكاری لەو وەسڵانەدا هەیە كە دەدرێنە بانكی ناوەندی بۆ كڕینی دۆلار بەناوی هاوردەكردنی كاڵاكان، راستییەكەی ئەو كارە بریتییە لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ دەرەوەی عێراق، ئەو بانكانەشی كە دۆلار دەكڕن، بریتین لە باڵی ئابووری حزبە سیاسییەكان.

زیاتر گوتی، هەموو ئەوانە لەبەرچاوی بانكی ناوەندی دەكرێت و بانكەكە لێپرسینەوە لەو بانكانە ناكات كە خراونەتە لیستی رەشەوە، بۆیە ئەو پشێوییە و هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلارەی هەیە دەخەینە ئەستۆی پارێزگاری بانكی ناوەندی و سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو كارەی راستەوخۆ بەسەر دۆخی بژێوی و قووت ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی ئاسایی رەنگی داوەتەوە.

"پێشتر لەكاتی سەرهەڵدانی تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار داوای مێواندارییكردنی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقمان كرد، بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێك هەوڵیان دا بەرگری لە پارێزگارەكە بكەن بۆ ئەوەی لە پەرلەمان ئامادە نەبێت، ئێستەش بە هاوكاری پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەموو رێوشوێنێكی یاسایی كە دەستوور فەراهەمی كردووە، دەگرینە بەر بۆ كۆتاهێنان بەو پشێوییەی هەیە، بەردەوام دەبین لە رێوشوێنەكانی لادانی پارێزگاری بانكی ناوەندی لە پۆستەكەی"، ئەحمەد مەجید، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق وای گوت. 

لای خۆیەوە هادی سەلامی، پەرلەمانتارێكی تری سەربەخۆی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا گوتی، پێشتر لە 26ی تەمووزی رابردوو نووسراوێكمان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد و داوای كۆتاهێنانمان بە ئەركەكانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كرد، ئەوەش بە پێی بڕگەكانی مادەی 13 لە یاسای بانكی ناوەندی ژمارە 56 بۆ ساڵی 2004 و بەپێی دەقی مادەی 61ی دەستوور و یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی ژمارە 13 بۆ ساڵی 2018. 

سەڵام روونی كردەوە، هەروەها لادانەكە بە پێی مادەی پێنجی دەستوورە، كە باسی دانانی باڵوێز و پلە تایبەتەكان بە پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات، هەروەها لەسەر بنەمای بڕگەی دووی مادەی 44 لە یاسای پەرلەمان بۆ ساڵی 2018، كە باسی ئەوەی كردووە، ئەو بەرپرسانەی بەوەكالەتن، ئەركەكانیان بۆ ماوەی زیاتر نەبێت لە شەش مانگ لە وادەی دانانیان لە پۆستەكانیان بەجێ دەگەیەنن، لایەنی پێوەندیداریش بە پێشنیازكردن دەبێت داوای كاندیدێكی تر بكات بۆ خستنەڕووی لە پەرلەمان لە ماوەی سێ مانگ. 

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە داوایان لە سەرۆك وەزیران كردووە رێوشوێنەكانی كۆتاهێنان بە ئەركەكانی پارێزگاری ئێستەی بانكی ناوەندی بكرێتە بەر، بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی كارەكەی و بێتوانایی لە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان، هەروەها وەرنەگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەو بانكانەی بەهۆی سپیكردنەوەی پارە و قاچاخی دۆلارەوە سزای ئەمەریكایان كەوتووەتە سەر، لە پاڵ قەدەغەكردنی راگەیاندنی قەبارەی فرۆشتنی رۆژانەی دۆلار. 

عەلی موحسین عەلاق، لە 2014 تا 2020 پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بووە، ئەو كەسێكی سەركەوتوو نەبوو لە كارەكانی و لادراوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەتی سوودانی، لە سەرەتای ئەمساڵ عەلاق كرایەوە بە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، ئەوجارەیان بەڵێنی دا نرخی دۆلار ئاسایی بكاتەوە، كە ئاسایی نەبووەتەوە، یەكێك لە ئابڕووچوونەكانی لەناوچوونی بڕی حەوت ملیار دینار بوو لە 2018، كاتێك ئاوی باران چووەتە ناو بانكی ناوەندی و پارەكانی 100% لەناو بردووە، وەك بانكەكە و حكوومەتی ئەوكاتی عێراق وایان بڵاو كردەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل