ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كشانەوەی لە كۆنگرەی یەكێتی راگەیاند و دەڵێت، نزیكی كۆنگرە بووینەتەوە و ماستاوكردن دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی ئەیلوول، غازی كەركووكی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، نزیكی كۆنگرەیە و ماستاو دەستی پێ كردووە، ئەی چوار ساڵە ئەو ئەندامانە لە كوێ بوون.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێت، هیوادارم ئەو كۆنگرەیە بۆ كورد و یەكێتی بێت كە من وای نابینم، بۆیە خۆم بۆ سەركردایەتی كاندید ناكەم.
باسی لەوەش كردووە هەر یەكێتییەك ئەوەی بەدڵ نییە، با وەڵامم بداتەوە، ئەو كاتە وەڵامی بەهێزتر و راسترم دەبێت بۆیان.
دوێنێ سەردار هەركی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند، كۆنگرە لەم بارودۆخە و بەبێ بوونی زەوینەیەكی لەباری هێمنی و سەقامگیریی ناوخۆیی، زیان بەدەنگ و پێگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە لە كۆنگرە كشاومەتەوە.
یەكێتی بڕیارە 27ـی ئەیلوول كۆنگرە ببەستێت، بەڵام لە ئێستەوە هەڵوەرین و دروستبوونی كێشەی زیاتر بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە، رەنگە پێش كۆنگرە چەندان بەرپرسی تر وازهێنانی خۆیان رابگەیەنن.