پیاوێكی به‌ساڵاچوو له‌ ماوه‌ی دوو سه‌عات و نیودا 11 كیلۆ كێشی دابه‌زاند

:: PM:01:13:25/09/2023 ‌
پیاوێكی ته‌مه‌ن 69 ساڵانی خه‌ڵكی كۆماری داغستانی ڕووسیا، ڕیكۆردێكی نوێی جیهانی تۆمار كرد به‌ خێراترین دابه‌زاندنی كێشی له‌ش، دوای ئه‌وه‌ی له‌ پێشبڕكێیه‌كی ڕاكردن بۆ ماوه‌ی دوو سه‌عات و نیو به‌رده‌وام بوو، توانی زیاتر له‌ 11 كیلۆگرام كێشی دابه‌زێنێت.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایه‌ته‌كانی رووسیا، باهاما ئیگوبۆڤ پێشتر له‌ ساڵی 2019دا ناوی چووه‌ ناو كتێبی گینس كه‌ دوای پێنج سه‌عات له‌ ڕاكردن، توانی 9.3 كیلۆ له‌ كێشی دابه‌زێنێت و ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار بكات، به‌ڵام له‌مدواییانه‌دا دووباره‌ توانی ژماره‌ی پێوانه‌یی خۆی بشكێنێت به‌ دابه‌زاندنی 11.1 كیلۆگرام له‌ ماوه‌ی دوو سه‌عات و نیو له‌ پێشبڕكێیه‌كی 21 كیلۆمه‌تردا.

ئیگۆپۆڤ سه‌ره‌ڕای تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ پێوانه‌ییه‌، ناتوانێت ددان به‌ تۆماره‌كه‌یدا بنێت له‌ كتێبی گینسدا، بۆ ئه‌وه‌ی هانی خه‌ڵك نه‌دات بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌كان، به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ خانه‌نشینكراوه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كاره‌ی ئه‌و كردوویه‌تی، خێراترین دابه‌زاندنی كێشی جه‌سته‌یه‌ له‌ دنیادا تا ئێسته‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵ و نیوه‌دا زۆر هه‌وڵیان داوه‌ ژماره‌ی پێوانه‌یی ئه‌و بشكێنن چ ئه‌مه‌ریكییه‌كان یان ڕووسییه‌كان، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناتوانن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "تا ئێسته‌ 25 كه‌س تاقییان كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ بژارده‌كانیشه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌یان كه‌وتنه‌ نه‌خۆشخانه‌.

باهاما، پاڵه‌وانی ڕووسی و ئه‌وروپی و ته‌نانه‌ت جیهانیش، له‌ یارییه‌كانی جودۆ، سامبۆ، زۆرانبازی یۆنانی-ڕۆمانی و زۆرانبازی ئازاد، شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا توانیویه‌تی تا 17 كیلۆ له‌ كێشی دابه‌زێنێت، به‌ڵام له‌چاو ئه‌و كاته‌وه‌ كاره‌كه‌ قورستر بووه‌.



وشە - كەژاڵ كەمال