شەوی رابردوو، یەکێتی لە لێواری تەقینەوەیەکی گەورە گەڕایەوە، خەریکبوو مەحموود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانی گۆمی خوێن دروست بکەن.
رووداوەکە بەمشێوەیە بوو؛ بافڵ تاڵەبانی دەچێتە ماڵی مەحموود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینە و دلێری سەید مەجید لەوێ دەبن، ئەوانەی یاوەری بافڵ تاڵەبانین چەند میوانێکی ئێرانین و سەرچاوەیەک دەڵێ، وەهاب هەڵەبجەییش چاودێری دۆخەکەی کردووە.
لەکاتی چوونی بافڵ دەمەقاڵی لەگەڵ مەحموود سەنگاوی دروست دەبێ، سەنگاوی بە توڕەییەوە دەڵێ؛ ئەوە کەس پێتان ناڵێ بۆوا لە یەکێتی دەکەن!، چەند کەس خراپ بوو، لاهوور شێخ جەنگی و مەلا بەختیار و دەیانی تر؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گرژی دروست دەبێ، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ: لێرە ناڕۆم تا بەڵێنم پێنەدەن کە دێن بۆ کۆنگرە. بەڵام کەس ئەو بەڵێنەی پێنەدا.
ئەو دانیشتنە بەردەوام دەبێ، سەنگاوی لە قسەکانیدا زیاتر هێرش دەکاتە سەر جووتبرا و دەڵێ؛ خێڵی جافیین، مام جەلالیش حسابێکی تری بۆ دەکردین، بەڵام ئێوە هیچ نازانن.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئەو زانیاریانەی بە وشەدا و گوتی، بافڵ تاڵەبانی بەو قسانە توڕە بوو، بەڵام ئێرانییەکان ساردیان کردەوە و بەدەم قسەوە ماڵەکەی جێهێشت.
ئەمڕۆ کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی بووە سەرۆکی حزبەکە، بەڵام پێدەچێ لە رۆژانی داهاتوو کاردانەوەی گەورەتر لەناو حزبەکەدا دروست بێ.