هەواڵێكی "وشە" پشتراست كرایەوە.. مەحموود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانی بەشەڕ هاتوون

:: PM:10:25:28/09/2023 ‌

دوێنێ چوارشەم "وشە"، ئەوەی بڵاو كردەوە كە هەریەكە لە مەحموود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانی بەشەڕ هاتوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە جافەكانی ناو یەكێتی دوور بخرێنەوە، بەوەش پشێوی زیاتر بەسەر ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان زاڵ دەبێت.

رووداوەكە بەم شێوەیە بوو، بافڵ تاڵەبانی دەچێتە ماڵی مەحموود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینە و دلێری سەید مەجید لەوێ دەبن، ئەوانەی یاوەری بافڵ تاڵەبانین چەند مێوانێكی ئێرانین، سەرچاوەیەك دەڵێت، وەهاب هەڵەبجەییش چاودێری دۆخەكەی كردووە.

لەكاتی چوونی بافڵ، دەمەقاڵی لەگەڵ مەحموود سەنگاوی دروست دەبێت، سەنگاوی بە توڕەییەوە دەڵێ، ئەوە كەس پێتان ناڵێ بۆ وا لە یەكێتی دەكەن، چەند كەس خراپ بوو، لاهوور شێخ جەنگی و مەلا بەختیار و دەیانی تر، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گرژی دروست دەبێت، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، لێرە ناڕۆم تا بەڵێنم پێ نەدەن كە دێن بۆ كۆنگرە، بەڵام كەس ئەو بەڵێنەی پێ نەدا.

ئەو دانیشتنە بەردەوام دەبێت و سەنگاوی لە قسەكانیدا زیاتر هێرش دەكاتە سەر جووتبرا و دەڵێت، خێڵی جافین، مام جەلالیش حیسابێكی تری بۆ دەكردین، بەڵام ئێوە هیچ نازانن.

سایتێك بەناوی "پۆلەتیك"، كە خاوەنداریەتی بۆ قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە، زانیارییەكانی "وشە"ی پشتراست كردووەتەوە و ئەمڕۆ نووسیویەتی، كوتلەی جافەكان لەناو یەكێتی كۆتاییان هات، چونكە دوای كۆبوونەوەیەكی دوورودرێژ بافڵ تاڵەبانی و مەحموود سەنگاوی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

بەگوێرەی ئەو سایتەی یەكێتی، مەحموود سەنگاوی پێشنیازی كردووە كە كاروانی كوڕی بخرێتە سەركردایەتی و عەدنان حەمەی میناش ئارامی برای، كە ئێستە وەزیری خوێندنی باڵایە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئەوەی رەت كردووەتەوە و بەوەش گرژی دروست بووە.

هەروەها ئەو سایتە هێرشی كردووەتە سەر جافەكان و دەڵێت، ئەوانە سەرەتا سەر بە كۆسرەت رەسووڵ بوون، دواتر چوونە پاڵ باڵی بەرهەم ساڵح و دواتریش لاهوور جەنگی.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر مەحموود سەنگاوی بە قوباد تاڵەبانی دەگوت، جانتا هەڵگر و ناكۆكییەكانیش لەوكاتەوە چڕتر بوونەتەوە.

كلیك بكەن بۆ خوێندنەوەی هەواڵەكەی دوێنێی "وشە".



وشە - وشه‌