هەڕەشە لەسەر گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق هەیە و لە نزیك هەولێریش تۆمار كراوە

:: PM:05:57:29/09/2023 ‌
ئەمڕۆ هەینی 29ي ئەیلوولی 2023 رۆژنامەی "واشنتن تایمز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە سیستمی دیاریكردنی شوێن بە وردی كە پەیوەستە بە تەكنەلۆژیای GPS دووچاری بەلارێدابردن و چەواشەكاری بووەتەوە لەلایەن دەستێكی نادیارەوە لە عێراق كە بووەتە هۆی كاریگەری لەسەر چەند گەشتێكی ئاسمانی لە عێراق لەم دواییانەدا و پێدەچێت سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی دەستی هەبێت لەم بابەتەدا. 

بەپێی راپۆرتەكەی واشنتن تایمز كە "وشە" بەشێكی كورتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و لەلایەن گرووپی "ئۆپس گرووپ"ی تایبەت بە سیكویرتی فڕۆكەكانەوە ئاشكرا كراوو كە لەم چەند ماوەی دواییدا ئاماژە و سیگناڵی درۆیینە لە چەند گەشتێكی ئاسمانی عێراقیدا تۆمار كراوە، بە تایبەت ئەو فڕۆكانەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكە هاوسنووری ئێران فڕیون. 

واشنتن تایمز بەیاننامەیەكی "ئۆپس" گرووپی بڵاو كردووەتەوە كە هۆشداری دەدات لەوەی بەشێوەیەكی خێرا و هەستپێكراو ناردنی نیشانەی درۆینە و ساختە لە رێگەی ئامێرەكانی GPSەوە بۆ فڕۆكەكانی عێراق زیادی كردووە، كە ئەمەیش لە داهاتوویەكی نزیك كاریگەری تەواو دەكاتە سەر توانای هەڵفڕینی فڕۆكە عێراقییەكان و تەنانەت پەكخستنی تەواوی گەشتەكان لە عێراق بە گشتی و رۆژهەڵاتی وڵاتەكە بە تایبەتی.

گرووپی ئۆپس لە راپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات تەنیا لەم دواییەدا 12 گەشتی ئاسمانی تۆمار كراون كە ئاراستەی ساختە بۆ فڕۆكەكان نێردراون و بە نموونەیش باسی ئەو گەشتە دەكات كە لە رێگەی فرۆكەیەكی بۆینگ 777ەوە لە رۆژهەڵاتی  عێراق بە ئاراساتەی فڕۆكەخانەی بەغدا هەڵدەفڕی و فڕۆكەوانەكە تووشی سەرلێشێوان بوو، بە جۆرێك لە تاوەری چاودێری پرسی: ئێمە لە كوێین و سەعات چەندە؟. 

گرووپەكە ئاشكرای كردووە پێش عێراق تاك و تەرا حالەتی تەشوویش خستنە سەر سیگناڵەكانی GPS لە كۆریای باشوور و چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەراست تۆمار كرابوو. 

واشنتن تایمز لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كردووە، لە عێراقدا ئەو 12 حالەتەی تۆمار كراون، سیگناڵ و نیشانە درۆیینەكان وایان لە فڕۆكەكان كردووە كە بە نزیكەی 69 تا 92 میل لە ئاراستەی گەشتەكانیان بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا غەڵەت بكەن و دواتر رێگا و ئاراستەكانیان بۆ چاك كراوەتەوە لەلایەن تاوەرەكانی چاودێرییەوە. 

لە بەیاننامەی گرووپی "ئۆپس"دا هاتووە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق كە لەسەرسنووری ئێرانەوە دەفڕن مەترسی خرانە خوارەوەی فڕۆكەكانیان هەیە، چونكە ئەگەری زۆرە ئەگەر ئەم سەر لێشێوانە بەردەوام بێت بەهۆی رێگەونبوونەوە فڕۆكەكان بچنە بواری ئاسمانی ئێران و ناوچەكەیش پڕە لە كێشەی سیاسی و تیرۆر و بخرێنە خوارەوە. 

واشنت تایمز روونی كردووەتەوە كە تا ئێستە دەستەی فڕۆكەوانی فیدراڵی و رێكخراوی نێودەوڵەتی گەشتی ئاسمانی لە ئەمەریكا هیچ لێدوانێكی فەرمیان لەبارەی ئەم دیاردە نەداوە، لە كاتێكدا ئەم سیگناڵە درۆ و ساختانەی كە بۆ فڕۆكەكان نێردراوە لە نزیك شاری هەولێر و نزیك باكووری ئێران و رۆژهەڵاتی توركیا و باكۆی ئایزەرباینجانیش تۆمار كراوە. 

سەر لێشێواندنی فڕۆكەوان بۆ لە دەستدانی كۆنترۆڵی گەشتەكەی، لە رێگەی چوونە ناو سیستمی كۆمپیوتەری تاوەرەكان و تێكدانی سیستمی جیپیئێسی فڕۆكەكەیە لە یەك كاتدا، بە شێوەیەك سیگناڵی درۆینە و پۆینتی ساختەی جیپیئێس نیشانی فڕۆكەوان و شاشەی فڕۆكەكە دەدرێت و لە راپۆرتەكەی واشنتن تایمزیشدا بە وردی ئەو لایەنە دیاری نەكراوە كە لە پشت بە ئامانجگرتنی ئەم فڕۆكە و گەشتەكانیاندایە. 

جێگەی باسە بە پێی راپۆرتی "ئۆپس" كە واشنتن تایمز لە راپۆرتە رۆژنامەوانیەكەیدا پشتی پێ بەستووە " تا ئێستە حالەتی سەرلێشێوانی تەواوەتی و كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە" بەهۆی سیگناڵی درۆینە لە عێراق و ناوچەكە تۆمار نەكراوە، ئەوەی هەیە تەنیا لەرێلادان بووە بۆ ئەوپەڕی 92 میل و دەستغەڵەتدانی فڕۆكەكە. 



وشە - تایبه‌ت